ترەمپ: دەرفەتێکی ڕاستەقینە هەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکۆمەند ببێتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جارە هەموویان هاوڕان کە دەرفەتێکی ڕاستەقینە هەیە، دووبارە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکۆمەند بکەنەوە.
یەکشەممە 28ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: دەرفەتێکی ڕاستەقینەمان هەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکۆمەند بکەینەوە.
ترەمپ دەشڵێت: هەموومان هاوڕاین لەسەر شتێکی تایبەت، کە یەکەم جارە تا ئێستا شتی وا ڕوبدات؛ هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونی نەکردووەتەوە، مەبەستی لە هەموویان کێن و ئەو دەرفەتی باسی کردووە چییە.
هەینی 26ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: پێم وایە لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە ڕێککەوتووین، ڕوونیشی کردەوە، ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕ دەهێنێت و هەموو بارمتەکانیش ئازاد دەکرێن.
ڕۆژی سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردەکانی هەر یەکە لە تورکیا، میسر، پاکستان، قەتەر، ئیمارات، ئوردن و ئیندۆنیزیا کۆبووەوە، کە تایبەت بوو بە پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەوە گوتی: "پلانێکمان بە ناوی 'پلانی 21 خاڵیی ترەمپ' بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و غەززە پێشکەشی ئەو وڵاتانە کردووە."