ئاشنا عومەر بەرهەمێکی نوێی زانستی بۆ کتێبخانە و هونەری گۆرانیی کوردی زیاد دەکات

ئاشنا عومەر، نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر، بەشی موزیک کتێبێکی بە ناونیشانی (ڕەهەندەکانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیکی لە گۆرانیی هاوچەرخی کوردیدا) چاپ کردووە و بەم نزیکانە دەخرێتە بەردەم خوێنەران و هونەر دۆستان.
ئاشنا عومەر لە بارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەیدا بۆ کوردستان24 گوتی: تاوەکوو ئێستا کتێبی تایبەت بەم بوارە بە زمانی کوردی نەنووسراوەتەوە، بۆیە کتێبەکەم بەرهەمێکی نوێ و دەگمەن بۆ خزمەتکردنی هونەری گۆرانی و میوزیکی کوردی بە شێوەیەکی زانستییانە.
گوتیشی: "کتێبەکەم باس لە ئاراستەی دوو گۆڕانکاریی دەکات کە لە گۆرانی هاوچەرخی کوردیدا ڕوویانداوە، بۆ ئەمەش ئەنجامی توێژینەوەیەکی نموونەیی و ئەکادیمی لە خۆ دەگرێت، کە هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی گۆڕانەکان ڕوون دەکاتەوە.
ئاماژەشی دا، "لە بەشی تیۆری کتێبی (ڕەهەندەکانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیکی لە گۆرانیی هاوچەرخی کوردیدا) باسی لە پێکهاتە و مێژووی گۆڕان لە گۆرانی کردووە، کە هۆشیاری کۆمەڵایەتیی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو هۆیە ماددییانەوە هەیە؛ کە تازە سەرهەڵدەدەن و شوێنی هۆیە ماددییەکانی پێش خۆیان دەگرنەوە، بە تایبەت گۆڕانکارییە تەکنیکییەکان، کە دامەزراندنی میدیاکان ڕۆڵێکی کارایان تێیدا هەبووە."
گوتیشی: بە ڕاپەڕینی بەهاری 1991دا دەروازەیەکی گەورە و فراوان لە گۆڕانی هونەری گۆرانی کوردی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە، چونکە مرۆڤ بەردەوام حەزی لە نوێگەرییە و بە دوای مەعریفەی زیاتر دەگەڕێت، ئەمەش وای کردووە هونەر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە دەروونی کۆمەڵایەتییەکان هەبێت، هەر بۆیە کاریگەریی گۆڕانکارییەکان وا دەکات بەدوای نوێگەریی هونەریدا بگەڕێین.
نووسەرەکە ئومێدی هەیە لە داهاتوودا کتێبەکە وەک وانەیەکی پرۆگرامی خوێندن لە بەشی میوزیک لە کۆلێژ یان پەیمانگەی هونەرە جوانە سوودی لێوەر بگیرێت، چونکە بنەما زانستییەکانی تێدایە.
بڕیارە کاتژمێر 04:30ی ئێوارەی سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، لە باخچەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لە هەولێر ڕێوڕەسمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی (ڕەهەندەکانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیکی لە گۆرانیی هاوچەرخی کوردیدا) بەڕێوە بچێت.