چای ڕەش پارێزەری دڵە

بەگوێرەی ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆیەکی چینی، ڕۆژانە خواردنەوەی 1.2 لیتر چای ڕەش مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاوی کردەوە، تیمێکی زانایان لە زانکۆی نانینگی چینی لە وڵاتانی جیا، توێژینەوەیەکیان لەسەر نزیکەی یەک ملیۆن کەس ئەنجامداوە، بۆیان دەرکەوتووە، ڕۆژانە خواردنەوەی 10 کوپ چای ڕەش بەبێ شەکر، کە بڕەکەی 1.2 لیتر بێت مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی 16% کەم دەکاتەوە بەراورد بەو کەسانەی هەرگیز چا ناخۆنەوە.

توێژینەوەکە بە پشتبەستن بە 14 تاقیکردنەوەی پێشوو و وەرگرتنی زانیاریی تەندروستی 958 هەزار و 477 کەس، کە لە نێوانیاندا 16 هەزار و 990 کەسیان تووشی نەخۆشی دڵ بوون، ئەمەش بەراوردکاریی چا خۆرەوەکان و چا نەخۆرەوەکانی کردووە و بەشێوەیەکی زانستی کاریگەرییەکانی چا خواردنەوەی دەرخستووە.

هەروەها تیمی پزیشکی زانکۆی نانینگ پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەربڕیوە و داوا دەکەن خواردنەوەی چای ڕەش وەکوو بەشێک لە سیستەمی خۆراکی پەیڕەو بکرێت.

ئەم توێژینەوەیە لە کاتێکدا دێت کە چەندین ساڵە پزیشکان و پسپۆران باس لە سوودەکانی چای سەوز دەکەن بۆ تەندروستی مرۆڤ، ئەمەش بەهۆی دوڵەمەندیی لە دژە ئۆکسانەکان و کەمی ڕێژەی کافایینی، بەڵام ئەم توێژینەوە نوێیەی زانکۆی نانینگ دەریدەخات، کە چای ڕەشیش سوود و گرنگی خۆی هەیە.

 
 
Fly Erbil Advertisment