لە ئەنبار زیادکردنی باجی گومرگی جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی تریبل پەکدەخات
بەهۆی زیادکردنی باجی گومرگی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی تریبل لەنێوان عێراق و ئوردن بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. بازرگانان و کاسبکارانی پارێزگای ئەنبار نیگەرانن و دەڵێن بڕیارەکە بووەتە هۆی گرانبوونی شتومەک و ئیفلیجکردنی بازاڕ.
دەروازەی نێودەوڵەتیی تریبل کە جاران ناوەندی گەرموگوڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بوو، ئێستا بێدەنگییەکی پێوە دیارە. بڕیاری نوێی حکوومەتی فیدراڵ بۆ بەرزکردنەوەی باجی گومرگی، وای کردووە زۆربەی بازرگانان کارەکانیان ڕابگرن.
سەعد محەممەدی، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ "ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر کەمی کردووە. داوا دەکەین ڕەچاوی باری بژێویی خەڵک بکرێت، چونکە لە کۆتاییدا هاووڵاتییان باجی ئەم گرانبوونە دەدەن."
کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە تەنها لەسەر سنوورەکان نەماوەتەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ گەیشتووەتە نێو بازاڕەکانی ئەنبار. کاسبکاران دەڵێن نرخی هەندێک کاڵا دوو هێندە بەرز بووەتەوە.
کاسبکار و بازرگانان دەڵێن؛ "هێنانی کیلۆیەک تەماتە دوو هەزار دینار لەسەر بازرگان دەکەوێت، ئەمە بازاڕ تێکدەدات و خەڵک ناتوانێت شت بکڕێت."
ئێستا بازرگانان و هاووڵاتییان چاوەڕێی پێداچوونەوەی بەغدان بەو بڕیارەدا، تاوەکو ئاسایشی بازاڕ و بژێوی خەڵک زیاتر تووشی قەیران نەبێت.