بەرەو کۆشکی سپی لە کوردستان24ـەوە
دەست بە رووماڵێکی تایبەت دەکەین تاوەکو دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا
K24 - هەولێر
هەڵبژاردنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە ئەو وڵاتە خاوەن گەورەترین ئابوورییە لە جیهان و، هەژموونی بەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیە، لە 3-11-2020 دەکرێت، بەهۆی گرنگیی ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەکەی لەسەر جیهان، کوردستان24 لەمڕۆوە دەست بە رووماڵێکی تایبەت دەکات.
رووماڵەکەی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەناوی بەرەو کۆشکی سپی، ئەمڕۆ (سێشەممە، 20-10-2020) دەستپێدەکات و، تاوەکو دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.
بۆ ئەوەی بینەری کورد وردترین زانیاری سەبارەت بە هەڵبژاردنەکەی ئەمەریکا دەستبکەوێت، لە رووماڵەکەدا کوردستان24 رۆژانە دوو بوڵتەنی هەواڵەکان تایبەت دەکات بە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و کورمانجی تاوەکو بینەرانمان ئاگاداری ورد و درشتی هەڵبژاردنی ئەمەریکا بێت.
بوڵتەنەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەمەریکا لەمڕۆوە دەستپێدەکەن، بوڵتەنی کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە و 11:00ـی شەو و تاوەکو دوای هەڵبژاردنی ئەمەریکاش، رۆژانە تایبەت دەبن بە رووداو و پێشهاتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.
ئەمەریکا بڕیاردەدات
ئەمەریکا بڕیاردەدات بەرنامەیەکی نوێی کوردستان24ـە، کە د. نەهرۆ زاگرۆس پێشکەشی دەکات و هەر رۆژێک فۆکەس دەخاتە سەر بابەتێکی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەمەریکا و گرنگیی و کاریگەریی لەسەر دەنگی دەنگدەرانی ئەمەریکی.
د. نەهرۆ کە لەگەڵ چەندین سەنتەری لێکۆڵینەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمەریکاش کاریکردووە لەوانە: پەیمانگەی گۆڵد بۆ ستراتیژیەتی نێودەوڵەتی لە واشنتن و تۆڕی سەرکردایەتیی جیهانی لاوان لە نیویۆرک و، یەکێکە لە دیارترین شارەزایانی بواری ئەمەریکا، لە بەرنامەکەیدا "ئەمەریکا بڕیاردەدات" کە رۆژی یەکشەممە (25-10-2020) یەکەم زنجیرەی پەخشدەکرێت و تاوەکو دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت، زانیاریی ورد و سەرنجڕاکێشتان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بۆ دەخاتەڕوو.

ئەو گرنگیدانە لەبەرچییە؟
هەڵبژاردنی ئەمەریکا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نەوەک تەنیا ئەمەریکییەکان بەڵکو تەواوی جیهان و کوردستانیش هەیە.
شارەزایان باس لەوە دەکەن، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هەرچییەک بێت و دۆناڵد ترەمپ یان جۆو بایدن بباتەوە، رەنگدانەوەی لەسەر هەموو جیهان دەبێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمەریکا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا جیاوازە، ملیۆنان کەس لە ئێستاوە لەڕێگەی پۆستەوە دەنگیان داوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەنجامەکەی هاوشێوەی چوار ساڵ پێش ئێستا زوو بەدەرنەکەوێت، کاتێک ترەمپ لە کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیان لەدوای هەڵبژاردنەکە سەرکەوتنی خۆی راگەیاند.
پێشبینی دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە ئەنجامەکانی تاوەکو دوای چەند رۆژ، تەنانەت هەفتەیەکیش بەتەواوەتی دیارنەبێت.

سات بە سات زانیاری لە سۆشیاڵ میدیا
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 جگە لە تەلەڤیزیۆنەکەی، بۆ ئەم هەڵبژاردنە رۆژانە بە گرافیک و ڤیدیۆی تایبەت لەرێگەی پلاتفۆرمە جیاوازەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، توویتەر، ئینستاگرام، زانیاری لەبارەی هەڵبژاردنی ئەمەریکا دەخاتەڕوو.