حزبە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک کۆبوونەوە و لەسەر پێنج خاڵ ڕێککەوتن

حزبە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک، دۆخی شارەکە و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیان تاوتوێ کرد؛ لەو چوارچێوەیەدا لەسەر پێنج خاڵ ڕێککەوتن.
بەیانیی ئەمڕۆ ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2025، حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک، لە بارەگای مەڵبەندی کەرکووکی حزبی شیوعی کوردستان کۆبوونەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە کە نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایاند؛ بەشداربووان ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا "دۆخی شاری کەرکووک، پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن بەو پەڕی بەرپرسیارانەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتوون:
1. بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی شارستانییانە، تەندروست، هێمنانە، لەسەرخۆ و دوور لە وڕووژاندن و ناشرینکردنی یەکتر؛ بەڕێوەبچێت.
2. پاراستنی سەقامگیریی شارەکە و سەلامەتیی گیان و ژیانی هاووڵاتییان لەبەر چاو بگرێت.
3. جەخت لەسەر قووڵکردنەوەی گیانی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە کرایەوە.
4. داوا لە هەموو دەنگدەرانیان دەکەن، خویان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە بکەن.
5. داوا لە ئیدارەی کەرکوک دەکەن خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە هاووڵاتییان بکات، چونکە خەڵکی ئەم شارە شایستەی خزمەتکردنی زیاترە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، محەممەد کەمال بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووك، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ژمارەیەک خەڵک هاتوون کە مافی ئەوەیان نییە لە کەرکووک بژین، پێشتر یان لە دەستی تیرۆر یان لە ململانێی سیاسی و تائیفییەوە ڕایانکردووە و لێرە نیشتەجێ بوون. کێشەمان لەگەڵ خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک و قەزا و ناحییەکانیدا نییە، بەڵام داوا لە حکوومەتی خۆجێیی و حکوومەتی عێراق دەکەین هەماهەنگی بکەن تا خەڵکەکە بگەڕێننەوە شوێنەکانیان، چونکە نفوسیان لە کەرکووک نییە و ئەوانیش زەرەرمەندن کە هاتوونەتە ئێرە."