تەقەکەرێک لە سلێمانی دەستگیرکرا
زیانی بە چەند ماڵێك گەیاندووە
K24 – سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، شەوی رابردوو لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسەوە تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە لە یەکێک لە سیتیەکانی شاری سلێمانی بەهەرەمەکی تەقەی کردبوو، زیانی ماددی بە دوو ماڵ گەیاندووە.
لە راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەكراوە "دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە لەبوونی رووداوێکی تەقەکردن لە گاردن سیتی دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی کوردسات گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیان تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن و دەستیش بگرن بەسەر ئەو چەکەی تەقەی پێکردبوو".
روونكراوەتەوە، تۆمەتبارەکە ناوی (د. و. ف) و لەدایکبووی ١٩٨٧، دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێل و چەکەکەیدا کە تەقەی پێ کردبوو، زیانی بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆشی گەیاندبوو، جێی باسە تۆمەتبار ماددەی کحولی بەکار هێناوەو بەسەرخۆشی تەقەی کردوە. ئێستا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر راگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

