ئەفغانستان دەچێتە ناو تاریکیی دیجیتاڵییەوە

تاڵیبان ئینتەرنێت دەکوژێنێتەوە، ئەفغانەکان لە گۆشەگیری و ترسدا بەجێ دەهێڵێت. بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن: ئەم ڕێوشوێنە بە مەبەستی ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتی.
سێشەممە، 30ـی ئەیلوول 2025، بۆ دووەم ڕۆژ خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و مۆبایل لە ئەفغانستان پەکی کەوتووە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی تاڵیبان تۆڕی فایبەری ئۆپتیکی وڵاتەکەیان پچڕاند؛ لە هەنگاوێکدا کە گرووپەکانی مافی مرۆڤ و چاودێران بە هەنگاوێکی بێوێنەی توندکردنەوەی کۆنترۆڵ بەسەر تۆڕی پەیوەندییەکان و زانیارییەکاندا وەسفی دەکەن.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی گرووپی چاودێریی 'نێت بلۆکس'، ئاستەکانی بەردەستبوونی ئینتەرنێت تا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بۆ کەمتر لە 1%ی خێرایی ئاسایی دابەزیوە، ئەمەش بە بەرفراوانترین پچڕانی دیجیتاڵی دادەنرێت لەوەتەی تاڵیبان لە ساڵی 2021دا گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات.
گرووپەکە ڕایگەیاند، وادیارە پچڕانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بە ئەنقەست بێت؛ ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانیی بازرگانان، کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەفغانەکانی دەرەوەی وڵات، کە بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان و پەیوەندیی لەگەڵ کەسوکارەکانیاندا، تەنیا پشتیان بەو خزمەتگوزارییە بەستووە.
کارە بازرگانییەکان پەکیان کەوتووە، خێزانەکان لێک دابڕاون
لە بازاڕەکانی کابولدا، دوکاندارەکان بێدەنگیی لە ناکاوی مۆبایلەکانیان بە کارەساتبار وەسف کرد.
بەرپرسێکی حکوومیی تاڵیبان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە "پچڕانەکە، خزمەتگوزارییە بانکییەکان، کارەکانی گومرگ و کارەکانی حکوومەتی پەک خستووە، چونکە زۆربەی تاوەرەکانی پەیوەندی، کە ژمارەیان لە نێوان هەشت بۆ نۆ هەزار تاوەر دەبێت، لە سەرتاسەری وڵاتدا، کوژێنراونەتەوە."
بۆ ئەفغانەکانی دەرەوەی وڵات، ئەم کارەی تاڵیبان، تاکە هۆی پەیوەندیی لەگەڵ خێزانەکانیاندا پچڕاندووە. پیاوێکی ئەفغان لە عومانەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە "بەهۆی ئەم پچڕانەوە، بە تەواوی لە خێزانەکەم لە کابول دابڕاوم."
تاڵیبان: ڕێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتی
بەرپرسانی تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم ڕێوشوێنە بە مەبەستی ڕێگریکردنە لە بەدڕەوشتی و لە داهاتوودا جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ تۆڕەکانی پەیوەندیی دابین دەکەن.
ئەم پاساوە، گومانە دێرینەکەی تاڵیبان بەرامبەر پەیوەندییە مۆدێرنەکان نیشان دەدات، بەتایبەتی ئینتەرنێت، کە ئەوان بە بنەمای دژایەتیی شەریعەتی ئیسلامی و بڵاوبوونەوەی کولتووری بیانی دەزانن.
چاودێران تێبینی ئەوە دەکەن ئەم ڕێوشوێنە مەبەستێکی دوولایەنەشی هەیە، کە بریتین لە سنووردارکردنی دەستگەیشتن بە زانیاریی دەرەکی و کەمکردنەوەی هەلی هەماهەنگیی ناوخۆیی لە نێوان نەیارانی ڕژێمەکەدا.
ساڵی 2024، حکومەتی تاڵیبان تۆڕی فایبەری ئۆپتیکی نۆ هەزار و 350 کیلۆمەتریی ئەفغانستانی 'کە لە سەردەمی حکوومەتی پێشووی پاڵپشتکراو لە لایەن ئەمەریکاوە، دروست کراوە' وەک بنەمای سەرەکیی بۆ بوژانەوەی ئابووریی وڵاتەکە دەناساند.
ئێستا، ئەفغانە ئاساییەکان لە دۆخێکی سەختدا ماونەتەوە. ئەوان لە دابینکردنی بژێویی ژیان و پەیوەندیی بە خۆشەویستانیان دابڕاون و دڵنیا نین کەی تۆڕی ئینتەرنیت کارا دەکرێتەوە.