لە دیبەیتی کۆتایی ترەمپ و بایدن، مایکەکانیان بێدەنگ دەکرێن
بۆ ئەوەی وەکو جاری پێشوو قسە بەیەکتر نەبڕن
K24 - هەولێر
کۆمیسیۆنی دیبەیتەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، یاساکان دەگۆڕێت بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی دووبارە ترەمپ و بایدن قسە بەیەکتری ببڕن لە دیبەیتەکەی سبەیاندا.
21 رۆژ دوای دیبەیتی یەکەمیان و بۆ ئەوەی رێگە لە دروستبوونی دەمەقاڵێی نێوانیان بگیرێت، بڕیار و رێنمایی نوێ بۆ دیبەیتی دووەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و، جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەرچووە.
ترەمپ و بایدن لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتیی نێوانیان کە 29ـی سێپتەمبەر لە ئۆهایۆ بەڕێوەچوو، چەندین جار قسەی یەکتریان بڕی و نەدەتوانرا بەگوێرەی پێویست دیبەیتە تەلەڤیزیۆنییەکەیان کۆنترۆڵ بکرێت، بۆیە سەرپەرشتیارانی دیبەیتەکە بڕیاریان دا لە دوایین دیبەیتی سەرۆکایەتی، مایکی بەردەم بەربژێرەکان لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا دەبێت.
لە دیبەیتەکەی سبەی (پێنجشەممە، 22-10-2020)ـی نێوان ترەمپ و بایدن، کە بڕیارە لە ناشڤیڵ بەڕێوەبچێت، کاتێک هەر یەکێکیان قسە دەکات، مایکی ئەوی دیکەیان دادەخرێت بۆ ئەوەی ئەو بەربژێرەی قسەدەکات، بتوانێت بە هێمنی پەیامەکەی خۆی بۆ دەنگدەران بنێرێت، چونکە لە دیبەیتی یەکەمدا کە ماوەکەی 90 خولەک بوو، بایدن و ترەمپ دەرفەتیان بە یەکدی نەدەدا قسەکانیان تەواو بکەن.
بەگوێرەی رێنماییە نوێیەکانی دیبەیتەکە بایدن و ترەمپ، لە دەستپێکی دیبەیتەکەدا هەریەکێکیان دوو خولەک کاتی پێدەدرێت بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکاری دیبەیتەکە بداتەوە، هەر یەکێکیان بۆی هەیە 15 خولەک لەبارەی دیدگە و تێڕوانینی خۆی قسە بکات.
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دژی ئەم گۆڕانکارییانەیە و پێیوایە ئەم بڕیارانە زۆر نادادپەروەرانەن، هەروەها پێشکەشکاری دیبەیتەکە بە نادادپەروەر وەسفدەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەبوونی خۆی لە دیبەیتەکە دووپاتکردەوە.
هـ.ر.