ترەمپ: دەبێت حەماس لە چوار ڕۆژدا وەڵامی پلانی ئاگربەستی غەززە بداتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا چوار ڕۆژ مۆڵەت دەداتە حەماس تاوەکوو وەڵامی پلانەکەی بۆ ئاگربەستی غەززە بداتەوە، هۆشداریش دەدات ئەگەر وەڵامەکەی نەرێنی بێت، دەرەنجامێکی خراپ چاوەڕێیان دەکات.
سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: چوار ڕۆژ بە حەماس دەدەین بۆ ئەوەی وەڵامی پلانی ئاگربەستی غەززە بدەنەوە.سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، چاوەڕێی حەماس دەکەن، ئاشکرا نییە وەڵامی حەماس چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەر ڕەتی بکەنەوە ئەوا کۆتاییەکی زۆر خراپ چاوەڕێیان دەکات.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، ماجد ئەنساری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوە دا، قەتەر و میسر پلانێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە ڕادەستی حەماس کردووە و شاندی حەماسیش بەڵێنی داوە تاوتوێی پلانەکە بکات.
هەروەها دوێنێ دووشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ترەمپ، ڕایگەیاندبوو، بە پلانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەستی غەززە ڕازی بووە.