حەماس: سبەی وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەدەینەوە

سەرچاوەیەکی نزیک لە بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیاند کە "بزووتنەوەکە لە پەسەندکردنی پلانەکەی  دۆناڵد ترەمپ نزیکبووەتەوە و بەنیازن  سبەی چوارشەممە بەفەرمی وەڵامی ئەو پیشنیازە بدەنەوە.

تۆڕی "سی بی ئێس نیوز" لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە کە بزووتنەوەی حەماس نیازی پەسەندکردنی  پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاگربەستی غەززە هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕەنگە ڕۆژی چوارشەممە وەڵامی خۆی بداتە نێوەندگیرانی میسری و قەتەری.

لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی فەڵەستینی ڕاگەیاند: بزووتنەوەی حەماس "داوای لە نێوەندگیرە قەتەرییەکە کردووە، چەند ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی گەرەنتی سەرهەڵنەدانەوەی شەڕ لەلایەن ناتانیاهۆوە بدات دوای وەرگرتنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان، هاوکات خشتەی کاتی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و مەوداکانی کشانەوە و گەرەنتی زیان نەگەیاندن بە سەرکردەکانی بزووتنەوەکە لە داهاتوودا لە دەرەوەی وڵات بدات".

ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ گوتی: "چاوەڕێی پەسەندکردنی پێشنیازەکانی ئاشتی لەلایەن حەماسەوە دەکەین"، ئاماژەی بەوەشکرد"حەماس 3-4 ڕۆژی بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیازەکە هەیە و ئەگەر وای نەکرد، ئیسرائیل ئەوە دەکات کە پێویستە".

گوتیشی: "ئەگەر حەماس وەڵامی پلانەکە نەداتەوە، ئەوا کۆتاییەکی ناخۆش دەبێت".

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوەی ئەوان دەیانەوێت سادەیە، دەیانەوێت بارمتەکان بگەڕێنەوە، هاوکات چاوەڕێی هەڵوێستێکی باش لە حەماس دەکەن، دەڵێت:  ئەمە زۆر سادەیە، ئێمە هەوڵی ئاشتی دەدەین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

ئەو پلانەی ترەمپ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی خستیەڕوو، لە 20 بڕگە پێکدێت و بریتییە لە وەستاندنی خێرای ئاگربەست لە غەززە، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ماوەکان و ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینی لە ئیسرائیل، زیادکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان، جگە لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لەلایەن دەسەڵاتێکی کاتی لە تەکنۆکراتە فەڵەستینییەکان کە "ئەنجومەنی ئاشتی" نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ترەمپ سەرپەرشتی دەکات.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment