پارێزەرانی دیاربەکر: پێویستە دەستبەجێ زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن

سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان لە بارەی پرۆسەی ئاشتی و دۆخی زیندانییانی باکووری کوردستان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، هەمووان لە تورکیا داوا دەکەن ئاشتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری بەهێزتر بکرێت، بەڵام ئەو سیاسەتە گۆشەگیرییەی لە زیندانەکاندا جێبەجێ دەکرێت، هەرەشەیە بۆ سەر هەر هیوای ئاشتی لە وڵاتەکە.
ڕەیحان گۆک، بەرپرسی دەستەی زیندانەکان لە سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر، ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2025، ڕایگەیاند: هەموو گەلان و پێکهاتەکان لە تورکیادا داواکارییەکانیان بەرز دەکەنەوە بۆ بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی چارەسەرە دیموکراسییەکان. بەڵام ئەو سیاسەتانەی ستەم و گۆشەگیرییەی بە تایبەت لە زیندانەکاندا جێبەجێ دەکرێت، ڕاستەوخۆ هەرەشەیە بۆ سەر هەر هیوایەکی ئاشتی کۆمەڵایەتی.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، زۆر گرنگە هەنگاوی بەپەلە و جیددی بنرێت بۆ پرۆسەکە و لەنێویدا دەبێت ئەو گۆشەگیرییەی کە بەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا سەپێنراوە بەبێ مەرج هەڵبگیرێت و بەشدار بێت لە دیالۆگ و دانوستانەکان لە بارەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری.
جەخت لەوە کراوە، پێویستە دەستبەجێ زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن.