عەلی لاریجانی: حزبوڵڵا توانای گۆڕینی هاوسەنگی لە لوبنان هەیە

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕایگەیاند: "حزبوڵڵا توانای ئەوەی هەیە هاوسەنگی لە لوبنان وەرچەرخێنێت."
لاریجانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران گوتی: "ئەگەر حزبوڵڵا ئێستا ناجوڵێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە نایەوێت ئاگربەست لە لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل تێکبدات، ئەگەرنا توانای گۆڕینی هاوسەنگی هەیە."
لێدوانەکانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دوای سەردانەکەی بۆ بەیرووتی پایتەختی لوبنان لە 27ـی ئاب هات، بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین ساڵڕۆژی دوو سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا، حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی باشووری لوبنان.
لاریجانی هەروەها لە عەین تین لەگەڵ نەبیە بری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان کۆبووەوە و لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستی بە دابینکردنی چەک نییە بۆ حزبوڵڵا لە شوێنێکی دیکەوە.
سەبارەت بە دۆخی سووریا، لاریجانی گوتی، "دۆخی سووریا وەک خۆی نامێنێتەوە، گەلی سوریا موسڵمانن، ئەم دۆخەش بارگرانییان لەسەر دروست ناکات".
هەروەها ڕایگەیاندووە، "نابێت ئەمەریکییەکان خۆیان بە پارێزەری گەلی لوبنان دابنێن." سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکەی تۆم باراک، نوێنەری ئەمەریکا، سەبارەت بە وەرگرتنی ملیۆنان دۆلاری هاوکاریی حیزبوڵڵا، لە وەڵامدا گوتی: "بە بۆچوونی من کاک باراک تووڕە بوو کاتێک لێدوانێکی لەو شێوەیەی دا. تەنانەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی پێشوودا لە هەمان شوێن تووڕە بوو."