بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراق، پێشێلکاریی بەردەوام و گەڕانەوە بۆ وتاری تائیفی

نزیکەی مانگێکە، شەقامەکانی بەغدا و زۆربەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە وێنەی سەرکردە و کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، داپۆشراون، هەرچەند هێشتا بەشێوەیەکی فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ نەکردووە.
هۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی 'شەمس' بۆ چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "نزیکەی مانگێکە شەقام و شوێنە گشتییەکانی بەغدا و شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، بە وێنەی سەرکردە و کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داپۆشراون. هەرچەند ئەو وێنانە ژمارەی کاندید و لیستەکەیان لەسەر نەنووسراوە، بەڵام هەموو خەڵک دەزانێت ئەمە بانگەشەی هەڵبژاردنە."
سەرۆکی تۆڕی شەمس، گوتیشی: هێشتا زووە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کە پێشێلکاریی زۆر ڕووی داوە یان نا. ئێمە تا ئێستا 301 حاڵەتی سەرپێچیمان تۆمار کردووە کە بریتین لە بەکارهێنانی شوێنە ئاینییەکان و دامودەزگا ڕەسمییەکان بۆ بانگەشە و هەروا وتاری توندئاژۆیی و کڕینی دەنگ. ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ 'ژووری سکاڵاکانی نووسینگەی هەڵبژاردن لە بەغدا" هەیە و تێبینییەکانمان بەو ژوورە دەگەیەنین، ئەوانیش پاش هەڵسەنگاندن، دەیدەنە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی هەنگاوی گونجاویان لەبارەوە بدات.
هۆگر چەتۆ، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بەداخەوە یەکێک لەو لیستانەی لە لایەن کۆمیسیۆنەوە سزا دراوە، لیستی سەرۆک وەزیرانی عێراقە، ئەمەش نیشانەیەکی باش نییە و وا دەکات لیستەکانی دیکەش پێشێلکاریی بکەن. لە لایەکی دیکەوە هەڵسوکەوتی لایەنە عێراقییەکان لەکاتی بانگەشەدا، شێوازێکی تایفی و مەزهەبییان پێوە دیارە. لایەنە شیعەکان بە ئاشکرا دژایەتیی سوننەکان دەکەن و لایەنە سوننەکانیش دژایەتیی لایەنە شیعەکان دەکەن. واتە شێوازی بیرکردنەوەیان ڕێک وەک ساڵی 2005 وایە.
سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: دیاردەی کڕینی دەنگ زۆر بووە و لەم ڕۆژانەی دوایدا کاندیدیک لە بەسرە و دوو کاندید لە بەغدا، بە تاوانی کڕینی دەنگ دەستگیر کراون. ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمە.
هۆگر چەتۆ، هەروا گوتی: کۆمیسیۆن ڕیکاری یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچییەکان گرتووەتە بەر، بەڵام بێگومان ناتوانێت بە تەواوەتی ڕێگریی لە سەرپێچییەکان بکات.
سەرۆکی تۆڕی شەمس، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئێستە کاندید و لایەنەکان سوود لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سۆشیالمیدیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن وەردەگرن. دیارە کۆنترۆڵکردنی سۆشیالمیدیا کاریکی ئاسان نییە، هەرچەند، ئێمە لە تۆڕی شەمس 38 چاودێرمان بۆ چاودێریی سۆشیالمیدیا تەرخان کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە، لایەنەکانیش بۆخۆیان چاودێریی یەکتر دەکەن و سکاڵا لەسەر پێشێلکارییەکانی یەکتر تۆمار دەکەن.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.