واشنتن پۆست: ئەمەریکا بۆ هەڵنەگیرسانەوەی جەنگ چوار مەرجی بۆ ئێران داناوە

ڕۆژنامەی 'واشنتن پۆست' ئاشکرای کرد، ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات ئێران چوار مەرج وەک بنەمایەک بۆ دانوستانە ئەتۆمییە نوێیەکان قبوڵ بکات، تاوەکوو لە ئەگەری پێکدادانی سەربازی دووربکەوێتەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوکردووەتەوە کە ئەو مەرجانەی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئێرانی داناوە بریتین لە، "دانوستانی ڕاستەوخۆ، ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی و ڕاگرتنی تەمویلی پارە بۆ لایەنگرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم مەرجانە کە لە گرینگترین بەربەستەکانی خولەکانی پێشوودا بوون، پێدەچێت تاران ڕەتی بکاتەوە."

ئەو بەرپرسە گوتیشی: "ئیدارەی ئەمەریکا پێی وایە کاتی زیادکردنی فشارەکان هاتووە، هەروەها سزاکان دەرفەت دەخوڵقێنن بۆ چارەسەری دیپلۆماسی."

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە ڕێگەی میکانیزمێکەوە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دەڵێت، سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاراندا بووەتە هۆی سەرلێشێواوی لە سیاسەتی ئێران و زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر ئابووری وڵاتەکە.

وەلی نەسر، مامۆستای توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ڕاگەیاندووە، "نەگەڕانەوە بۆ دانوستانەکان ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە زیاتر دەکات."

هەروەها بەرپرسێکی ئەورووپی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان باشترین بژاردە نییە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەرگای دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە. ئێمە باوەڕمان بە چارەسەری سەربازیی نییە بۆ پرسی چەکی ئەتۆمی.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment