هاتوچۆی ههرێمی كوردستان بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەڵبژاردن ئاگادار دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی ههرێم ئاماژە ڕایدهگهیهنێت، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن و لە کاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن وێنە و پۆستەری بەربژێرەکان بە ستوونەکانی ترافیکلایت و هێماکانی هاتوچۆ هەڵنەواسن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی ههرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیەنراوێکیدا، داوای لەسەرجەم لیست و ڕەوت و لایەنە سیاسی و بەربژێرەکانی بەشدار لەهەڵبژاردن كرد، لە ماوەی ڕێگەپێدراو بۆ بانگەشەکردن، وێنە و پۆستەری بەربژێرەکان و بڵاوکراوەکانیان بە ستوونەکانی ترافیکلایت و هێماکانی هاتوچۆ هەڵنەواسن و وێنەی گەورە لە نزیک سووڕانەوەکان و سەر شۆستەی چوارڕیانەکان دانەنێن کە ببێتە هۆکاری بەربەستی بینین لە بەردەم شۆفێران.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی ههرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە پۆستەرە گەورەکان بە باشی بچەسپێنن بۆ ئەوەی بەهۆی ڕەشەباوە بەرنەبنەوە سەر شەقامەکان و زیان بە ئۆتۆمبێل و بەکارهێنەرانی شەقام نەگەێنن، هەروەها جامی ئۆتۆمبێل و ژمارەی تابلۆکان بە ئاڵا و لۆگۆ و وێنەی بەربژێرەکان دانەپۆشن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی ههرێمی كوردستان، داوا لە بانگەشەکاران دەکات، لە دواوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر سەرنەکەون و جەستەیان لە جام و سلایدی ئۆتۆمبێلەکان نەهێننەدەرەوە، ڕێگا و شەقامەگشتییەکان نەگرن لەپێناو دروستنەبوونی جەنجاڵی هاتوچۆ و پاراستن و سەلامەتی گیانیان و ڕوونەدانی ڕووداوی نەخوازراو.