مەسعود کاڕەش: نابێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دامەزراوەی حکوومی بەکاربێت

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر

جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، پلانێکی پوخت بە بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ڕێکوپێک، دوور لە ئاژاوە و ئاڵۆزی، لە پارێزگای هەولێر داڕێژراوە، داوای لە کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان کرد، پابەندی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بن لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا.

پێنجشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ کاروباری هونەری بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: ئەو پلانەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر داڕێژراوە، تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشدارییان تێدا کردووە.

جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە پۆستەری کاندیدان بەشێوازێکی ڕێکوپێک هەڵبواسن، کاندید نابێت لە هەندێ شوێن وێنەی خۆی هەڵبواسێت کە دواتر لێکردنەوەیان زەحمەت بێت، دەشڵێت: نابێت کاندید بانگەشە لە هەندێ شوێنێ گشتی بۆخۆی بکات، لەوانەش وەک دامەزراوەی حکوومی و قوتابخانەکان، لە شوێنە گشتییەکانیش تیمی پۆلیس دادەنرێن بۆ ئەوەی ڕێگریی لەهەر پشێوییەک بکەن بەر لەوەی ڕوو بدات.

مەسعود کاڕەش گوتی: هەموو لایەن و کاندیدەکان دەتوانن بانگەشە بۆخۆیان بکەن بەو مەرجەی هاووڵاتییان بێزا نەکەن و شەقامەکان دانەخەن لە هاتوچۆی خەڵک و ئۆتۆمبێل، دەشڵێت: نابێت ئۆتۆمبێڵی حکوومی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربێت.

جێگری پارێزگاری هەولێر داوای لە لایەنەکان و کاندیدەکان کرد، پرۆسەکە بە ئارامی بەڕێوە ببەن و پابەندی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن  بن، گوتی: شێواندنی پۆستەری کاندیدان لەلایەن لایەنی ڕکابەر، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

دوێنێ چوارشەممە، 01ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لیستی کۆتایی ناوی کاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد. 

 بەپێی ئاماری کۆتایی کۆمیسیۆن، 7768 کەس وەک کاندید پەسەندکراون؛ 5520ـیان لە ڕەگەزی نێر و 2248ـیشیان لە ڕەگەزی مێن.

گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ڕۆژی هەینی، 03ـی ئۆکتۆبەری 2025، وەک وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد.  

لەبارەی وادەی کۆتاییهاتنی وادەی بانگەشەکەش، غەلای گوتی "بەیانیی ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت."

 
Fly Erbil Advertisment