شاخەوان عەبدوڵڵا: بەڵێنێک نادەین کە جێبەجێی نەکەین

کاندیدێکی پارتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، داوا لە دانیشتووانی کەرکووک دەکات دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، جەختی لەوەش کردەوە، پارتەکە بە کردەوە سەلماندوویەتی کە هەنگاو دەنێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، داوای لە سەرجەم کەرکووکییەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لە ڕۆژی هەڵبژاردن بگەڕێنەوە بۆ شارەکەی خۆیان و بە هەمان نەفەسی پرۆسەی سەرژمێری بەشداریی هەڵبژاردنیش بکەن.
ئەو کاندیدەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، پێداگری کرد لەسەر ئەوەی کە دەبێت زەوییە داگیرکراوکان لە کەرکووک، بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە و دوای هەوڵێکی زۆر لە کۆبوونەوەی پەرلەمان پرۆژەیاساکە پەسەند کرا.
هاوکات دەشڵێت: لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، دەیان دەستکەوت بۆ کەرکووک و بۆ سەرجەم پارێزگاکانی دیکە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەدەست هاتوون، بە تایبەت بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جەختی لەوە کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە هێزی سیاسییە کە بتوانێت دۆخی کەرکووک ئاسایی بکاتەوە و پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتییان بکات.
گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک تاکە لایەنی سیاسی بە کردەوە سەلماندوویەتی کە هەنگاو دەنێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شاری کەرکووک.
سەرنجی خستە سەر ئەوەش، وەک هەمیشە بەڵێنەکانیان جێبەجێ دەکەن و بەڵێنەک نادەن کە نەتوانن جێبەجێی بکەن.
کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دەتوانن بە ئاشکرا لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سەرجەم شار، شارۆچکە، ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگەشە بۆ لیست و ژمارەکانیان بکەن.
چوارشەممە، 01ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی هەینی 3ـی تشرینی یەکەم، دەست پێدەکات.
لە بارەی کۆتاییهاتنی وادەی بانگەشەکەش، غەلای گوتوبووی: بەیانی ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.