وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: بۆ ماوەیەکی کاتی هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ڕاوەستا

بەندەری جەیهانی تورکیا
بەندەری جەیهانی تورکیا

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان لە بارەی ڕاوەستانی کاتی هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئێستا کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر کراون و هەناردەکردنەوەی نەوت بەردەوامە.

کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە پەڕەی تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕوونکردنەوەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەینی 3ی تشرینی یەكەمی ،2025 بەهۆی دروستبوونی چەند كێشەیەكی تەكنیكی لە بەندەری جەیهانی توركیا، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەرەكە ڕاوەستا، بەڵام ئێستا كێشە تەکنیکییەکان بەتەواویی چارەسەركراون و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دووبارە دەستی پێكردەوەو بەردەوامە. 

 
 

دوای تێپەڕبوونی 30 مانگ لە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی سکاڵایەتیی حکوومەتی فیدراڵ لە دژی تورکیا، کە لە دادگای پاریس تۆماری کردووە، دواجار لە ڕێککەوتنێکی سێقۆڵیدا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت ڕێککەوتن و بەرە بەیانی شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی کەرکووک - جیهان دەستیپێکردەوە.

لە دوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە، د. غەزال عوزێر، بەڕێوەبەری گشتیی گرێبەستەکان و کاروباری ئابووری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕووی بەرهەمهێنانی نەوت و تەکنیکی و پارەوە کاتی دەوێت، هیوادارین دوای ئەو ڕێککەوتنە کۆمپانیاکانهەستن بە بەرهەمهێنانەکە. هەروەها ماوەیەکی زۆرە کێڵگە نەوتییەکانیش وەستاوە و کاری بەرهەمهێنانی تێدا نەکراوە، کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنان هەبووە داشبەزیووە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنە سێ قوڵیەکە، ڕۆژانە 190 ھەزار بەرمیل دەنێردرێتە بەندەری جەیھان، 50 ھەزار بەرمیلی ڕۆژانەش بۆ  پێداویستی ناوخۆیی ھەرێمی کوردستان دەبێت. تێچوووی دەرھێنان و گواستنەوە 16 دۆلارە بۆ کۆمپانیاکان، لە بری پارە نەوتییان پێدەدرێت.

 

Fly Erbil Advertisment