پەیامنێری کوردستان24: سەرەڕای داواکارییەکەی ترەمپ، بۆمبارانکردنی غەززە بەردەوامە

سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە، دەستبەجێ بۆمبارانکردنی غەززە بوەستێنێت، بەڵام سوپای ئەو وڵاتە بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکانی بۆ سەر کەرتەکە.
ئەمڕۆ شەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەها توباسی، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو (هەینی، 03ـی تشرینی یەکەمی 2025)، دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی وەڵامەکەی بۆ پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بڵاوکردەوە؛ دەیان هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی غەززە لە خێوەتەکانیان هاتنە دەرەوە و بەوبۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕا، بەڵام چەند خولەکێک دواتر، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەستیان بە بۆمبارانکردنی کەرتەکە کردەوە.
دوای ئەوەی حەماس وەڵامەکەی بۆ پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بڵاوکردەوە، ترەمپ لە پۆستێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "لەسەر بنەمای ئەو ڕاگەیەنراوەی کە حەماس تازە دەریکردووە، من پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ بۆردومانکردنی غەززە بوەستێنێت، تاکو بتوانین بە سەلامەتی و بەخێرایی بارمتەکان بهێنینە دەرەوە! لە ئێستادا، کردنی ئەوە زۆر مەترسیدارە."
پەیامنێری کوردستان24 دووپاتی کردەوە، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممەوە، تۆپباران و هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامییان هەبووە و دەیان هاووڵاتیی سڤیل بەوهۆیەوە کوژراون و برینداربوون؛ سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە هەموو چالاکییە سەربازییەکانیان لە کەرتەکە ڕابگرن.
هەرچەندە میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، سوپای وڵاتەکە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە (ناوەندی کەرتی غەززە)ـی ڕاگرتووە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ ناردنی شاندێکی دانوستانکار بۆ دەوحە، بەڵام نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل تا ئێستا هیچ شتێکی فەرمی لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە؛ تەنیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کار بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ دەکەن بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بڵاو بکاتەوە.
هەر لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانیان، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە "لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی ئاستی سیاسی، سەرۆک ئەرکان فەرمانی کرد بە بەرزکردنەوەی ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانی سەرۆک تڕەمپ بۆ ئازادکردنی ڕفێنراوان. لەپاڵ ئەوەشدا، سەرۆک ئەرکان جەختی لەوە کردەوە، ئاسایشی هێزەکانمان لە پێشینەی کارەکانماندایە، هەروەها هەموو تواناکانی سوپای بەرگری بۆ فەرماندەیی باشوور تەرخان دەکرێت بە ئامانجی پاراستنی هێزەکان."
وەڵامەکەی حەماس
درەنگانی شەوی هەینی (03ـی تشرینی یەکەمی 2025)، بزووتنەوەی حەماس لە وەڵامی پێشنیازە 20 خاڵییەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا، ڕەزامەندی لەسەر بەشێک لە خاڵەکان نیشان دا، بەڵام جەختی کردووەتەوە، هەندێک بڕگەی دیکەی پێشنیازەکە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کە حەماس قبووڵی کردووە، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکانە لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستینی.
هەروەها حەماس ئامادەیی خۆی نیشان داوە، ئیدارەی کەرتی غەززە ڕادەستی دەستەیەکی سەربەخۆی تەکنۆکرات بکات بە ڕەزامەندی نیشتمانی فەڵەستینی و پشتیوانیی عەرەبی و ئیسلامی.
کاردانەوەی ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" پێشوازی لە وەڵامەکەی بزووتنەوەی "حەماس"ـی فەڵەستینی بۆ پێشنیازەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە: "لەسەر بنەمای ئەو ڕاگەیەنراوەی کە حەماس تازە دەریکردووە، من پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ بۆردومانکردنی غەززە بوەستێنێت، تاکو بتوانین بە سەلامەتی و بەخێرایی بارمتەکان بهێنینە دەرەوە! لە ئێستادا، کردنی ئەوە زۆر مەترسیدارە."
ترەمپ دووپاتی کردووەتەوە "ئێمە لە ئێستاوە لە گفتوگۆداین لەسەر وردەکارییەکان کە پێویستە کاریان لەسەر بکرێت. ئەمە تەنها تایبەت نییە بە غەززەوە، بەڵکو پەیوەندی بە ئاشتییەکی لەمێژینەوە هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا ڤیدیۆیشدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر تایبەت و مەزنە. ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیکە. سوپاسی قەتەر، تورکیا، سعوودییە، میسر و ئوردن دەکەم کە هاوکارییان کردم لە بەدیهێنانی ئەمە."
کاردانەوەی ئیسرائیل
لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، حکومەتی ئیسرائیلی تووشی سەرسوڕمان کردووە. سەرچاوە هەواڵییە ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە، سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆ پێشتر وەڵامەکەی حەماسی بە ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکە لەقەڵەم داوە و جەختی لەسەر هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا کردبووەوە بۆ دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش.
سەڕەڕای ئەمەش، نووسینگەی ناتانیاهۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل "ئامادەکاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێی قۆناغی یەکەمی پلانی سەرۆک ترەمپ بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتەکان." سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، فەرمانیان پێکراوە بۆ کەمکردنەوەی چالاکییە هێرشبەرییەکان لە غەززە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گەشبینییەوە پێشوازی لەم پێشهاتانە کردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان، قەتەر، میسر و چەندین وڵاتی ئەوروپی هیوایان خواستووە کە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.
ئەم گۆڕانکاریانە لە کاتێکدایە کە شەڕی غەززە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.