ئەردۆغان: وەڵامەکەی حەماس هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئاشتیی هەمیشەیی

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا (وێنە: AA)
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا (وێنە: AA)

ئەمڕۆ شەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پێشوازی لە وەڵامی بزووتنەوەی حەماس کرد بۆ پێشنیازی ئاگربەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بە "هەنگاوێکی بونیادنەر و گرنگ بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتیی هەمیشەیی" ناوی برد.

ئەردۆغان لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: "وەڵامی حەماس بۆ گەڵاڵەی دەستەبەری ئاگربەست لە غەززە، هەنگاوێکی بونیادنەر و گرنگە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی." 

ئەو، جەختی لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئیسرائیل و پابەندبوونی بە پلانی ئاگربەستەکە کردووەتەوە. 

سەرۆک کۆماری تورکیا نووسیویەتی: "پێویستە هەموو هەنگاوەکان بەبێ دواکەوتن بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە و دەستەبەرکردنی ئاشتیی هەمیشەیی بن. ئیتر پێویستە ئەم کۆمەڵکوژییە کە ویژدانی جیهانیی بە قووڵی بریندار کردووە، کۆتایی پێ بێت."

هەروەها ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە تورکیا "هەموو توانایەکی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی دانوستانەکان باشترین ئاکامی بۆ گەلی فەڵەستین هەبێت و چارەسەری دوو دەوڵەتی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پشتیوانی دەکات، جێبەجێ بکرێت."

ئەم لێدوانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تورکیا شانبەشانی میسر و قەتەر، لە هەوڵی نێوەندگیریدابوون و ڕاوێژیان بە حەماس دەکرد سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە.

پێشنیازەکەی ترەمپ چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان، ڕادەستکردنی تەرمی بارمتە کوژراوەکان، و سپاردنی ئیدارەی غەززە بە دەسەڵاتێکی تەکنۆکراتی فەڵەستینی سەربەخۆ.

وەڵامە ئەرێنییەکەی حەماس بۆ ئەم پێشنیازە، کاردانەوەی ئەرێنی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە و هیوایەکی بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان لە ناوچەکە دروست کردووە.

 
Fly Erbil Advertisment