دۆناڵد ترەمپ نەخشەی قۆناغی یەکەمی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، گەڕێکی دانوستانەکان لەسەر وردەکاری ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە لە میسر دەستپێبکات، هەروەها دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕازی بووە بە کشانەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە (تروس سۆشیاڵ) ڕایگەیاند، ئەگەر حەماس ڕازی بێت بە کشانەوەی هێڵی سەربازیی دیاریکراوی ئیسرائیل لەکەرتی کەنار دەریاکان، ئاگربەستی غەززە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، گوتیشی "کاتێک حەماس ڕازی بوونەکەی دووپاتکردەوە، ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانیان دەست پێدەکات، ئێمەش زەمینە بۆ قۆناغی داهاتووی کشانەوەی ئیسرائیل دەڕەخسێنین."

لەو نەخشەیەی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی کشانەوەی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، دەریدەخات ناوچەی ڕەفەح و بەیت حانون و بەرەی فیلادلفی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئیسرائیلدا دەمێننەوە.

هێڵی زەردی سەر نەخشەکە ئاماژەیە بۆ قۆناغی یەکەمی ئەو پلانەی کە هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، کە پێشبینی دەکرێت سوپای ئیسرائیل لە باکووری غەززەوە بکشێتەوە بۆ جەرگەی ڕەفەح، هاوکات لە هەمان کاتدا بارمتەکان ئازاد بکرێت و تەرمەکانیش بگەڕێندرێنەوە.

هێڵی یەکەمی کشانەوەی ئیسرائیل لەغەززە

 

ڕێڕەوی کشانەوەکە لە بەیت حانون لە باکووری غەززە دەست پێدەکات و بە بەیت لاهیای شاری غەززە و ئەلبریج، دێر بلح، خان یونس و خوزاعەدا تێدەپەڕێت و لە ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کۆتایی دێت.

پڕۆژەکە بە شێوەیەکی درێژخایەن لە باکوورەوە بۆ باشوور جێبەجێ دەکرێت، بەناوەندی دانیشتوانی ئەو کەرتەدا تێدەپەڕێت.

پلانی ئاشتی کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە پەردەی لەسەر لادرا، ڕێگایەکی کۆنکرێتی و خشتەی کاتی دیاریکراوی بۆ کشانەوە دیاری نەکردووە.

بەڵام ئاماژەی بەوەدراوە، کە هێزەکانی ئیسرائیل دەکشێنەوە بۆ ئەو هێڵەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە بۆ ئاسانکاری ئازادکردنی زیندانییەکان، هەروەها هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕادەگیرێن تا ئەو کاتەی مەرجەکانی کشانەوەی تەواو و وردە وردە جێبەجێ دەکرێن.

پێش ڕاگەیاندنی پیشنیازەکەی ترەمپ، بنیامین ناتانیاهۆ، دووپاتیکردەوە کە سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی ناوچە گرنگەکانی ناو کەرتی غەززە، جەختیشی لەوە کردەوە، دەبێت حەماس چەک دانێن جا بە دیپلۆماسیی بێت یان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە.

هەروەها دوێنێ لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ ئیسرائیلییەکان دووپاتیکردەوە کە سوپای ئیسرائیل لە قووڵایی کەرتی غەززەدا دەمێنێتەوە.

هاوکات نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، شاندێکی ئیسرائیل بەرەو میسر دەڕوات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو وردەکارییانەی ماوەتەوە. گوتیشی، "شاندی دانوستانکارم ڕاسپاردووە بچنە میسر بۆ کۆتاییهێنان بە وردەکارییە تەکنیکییەکان"، بەبێ ئەوەی وادەی دەستپێکردنی دیاری بکات.

هەروەها دوێنێ بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جێرد کوشنەر زاوای ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەو قاهیرە بەڕێکەوتوون بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان و زیندانییەکان.

سەرچاوە میسرییەکانیش ئاشکرایان کردووە، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە ئەنجام دەدرێت.

 

 

 
Fly Erbil Advertisment