ئەمەریکا تاوتوێی دەرکردنی دراوێکی یەک دۆلاری بە وێنەی دۆناڵد ترەمپەوە دەکات

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە کە وەزارەتی گەنجینە بیر لە دەرکردنی دراوێکی یادگاریی یەک دۆلاری دەکاتەوە کە وێنەی دۆناڵد ترەمپی لەسەر بێت، ئەمەش بەبۆنەی 250مین ساڵیادی سەربەخۆیی وڵاتەکەوە.

دوای ئەوەی سکۆت بێسێنت، بۆ پۆستی وەزیری گەنجینە دەستنیشانکرا، پۆستێکی دیزاینەرێک بە ناوی براندۆن بیچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە، دیزاینە سەرەتاییەکانی دراوەکەی لەخۆگرتبوو. 

یەکێک لە دیزاینە پێشنیازکراوەکان، وێنەی ترەمپ لەسەر ڕوویەکی دراوەکە نیشان دەدات، لەسەر ڕووەکەی دیکەش مشتێکی بەرزکراوەی لەبەردەم ئاڵای ئەمەریکادا دانراوە و دروشمی "!Fight! Fight! Fight"ـی لەسەر نووسراوە. ئەم وێنەیە دوای هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ساڵی ڕابردوو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا گیراوە.

گوتەبێژێکی وەزارەتی گەنجینە، لە وەڵامدا، ڕەخنەی لە "داخستنی زۆرەملێی حکوومەت لەلایەن چەپی توندڕەوەوە" گرت و گوتی: "ئەم دیزاینە سەرەتاییە بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی گیانی خۆڕاگری وڵاتەکەمان و دیموکراسییەکەمانە، تەنانەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە گەورەکانیشدا."

لە ساڵی 2020دا، کۆنگرێس یاسایەکی دەرکرد، ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا واژۆی کرد. یاساکە ڕێگە بە وەزارەتی گەنجینە دەدات بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکا، دراوی یەک دۆلاری بە دیزاینی تایبەت و ڕەمزییەوە دەربکات. وەزارەتەکە دەتوانێت لە مانگی یەکی ساڵی 2026ەوە، دەست بە دروستکردن و دەرکردنی دراوەکە بکات.

سەرەڕای ئەمە، یاساکانی کۆنگرێس بەکارهێنانی وێنەی کەسانی زیندوو لەسەر دراوەکان سنووردار دەکات. هێشتا ڕوون نییە کە ئایا دیزاینی پێشنیازکراوی دراوەکەی ترەمپ بەپێی یاسا کارپێکراوەکان ڕێگەپێدراو دەبێت یان نا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment