سروە ڕەسووڵ: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پرەنسیپەکانی کۆچی سەلامەت و ڕێکخراو

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، لە چوارچێوەی یەکەمین دیداری "پەیماننامەی کۆچ لە هەرێمی کوردستان،" سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆ، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر هەنگاو و دەستکەوتەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری حوکمڕانیی کۆچدا.
سروە ڕەسووڵ، دووپاتیکردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پرەنسیپەکانی کۆچی سەلامەت و ڕێکخراو. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە بووەتە هۆی بەهێزکردنی ستراتیژیی حوکمڕانیی کۆچ و هاوکاریی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. وەک نموونەش، لە 8ـی ئایاری 2025، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) دانینا بە پێوەرەکانی حوکمڕانیی کۆچ لە هەرێمی کوردستاندا، کە لەسەر بنەمای شەش ڕەهەندی سەرەکی بنیات نراوە، لەوانە مافی کۆچبەران، بەڕێوەبردنی ڕێبازی گشتگیر، و کۆچی سەلامەت، هاوبەشی کردن و خۆشگوزەرانی کۆچبەران و ڕەهەندی قەیرانەکان.
سروە ڕەسووڵ جەختی کردەوە، ئەمە یەکەم دەستکەوتی حکوومەتی هەرێم نییە لەم بوارەدا، بەڵکو وەزارەتی ناوخۆ لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتوو بووە لە پەیڕەوکردنی سیستەم و پڕۆژە نێودەوڵەتییەکان. بۆ یەکەمجاریش، ساڵی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆ بووە ئەندام لە دامەزراوەی داڕشتنی سیاسەتی کۆچی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای یەکێتیی ئەورووپا، کە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها وڵاتی میسر ئەندامە تێیدا.
بەمەش، ئەزموونەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاوبەشی پێدەکرێت و ڕۆڵی هەرێم لەم بوارەدا زیاتر دەردەکەوێت.