سلێمانی.. کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ئافرەتێک دەستگیرکرا

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر دۆسیەی کوشتنی ئافرەتێک، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو هێزەکانمان لەڕووداوێکی کوشتن لەگەڕەکی کارێزە وشکی شاری سلێمانی ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەلایەن تیمەکانی بەڵگەی تاوان کەشف و هێڵکاریی بۆ شوێنی تاوانەکە ئەنجامدرا و دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکرد و توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنەوە دەستگیربکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوت کە ئافرەتەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و هۆکاری ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی خێزانی.
ئێستا تۆمەتبار (س، ف، ح) لەدایکبووی 1996بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادان ڕاگیراوە و لەلایەن نوسینگەی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی کوشتن پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکە بەردەوامە.