گوتەبێژی دەستەی ژینگە: کاندیدان پابەندی مەرج و ڕێنماییە ژینگەییەکان بوون
بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێکردووە و لە زۆر شوێن و شەقام فلێکس و پۆستەری کاندیدەکان دەبینرێت، بەشێکی زۆریان پابەندن بە مەرجەکانی بانگەشە و پاراستنی ژینگە، بەشێکیشیان لەسەر چیمەن و سەوزاییەکان فلێکسەکانیان داناوە.
کاندیدان پۆستەرەکانیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەڵواسیووە، بە مەبەستی ناسینیان و دەرچوونیان بۆ پەرلەمان، بەشێکی زۆریان پابەندن بە مەرجە ژینگەیەکان و وێنەكانیان دوور لە سەوزایی و داناوە. بەشێکیشیان پابەند نەبوون و لەناو چەیمەن دایان ناوە، گوتەبێژی دەستەی ژینگەش دەڵێت تا ئێستا لەم بانگەشەیە کەمتر سەرپێچی ژینگەیی کراوە.
د. سهنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاندیدان پابەندی مەرج و ڕێنماییە ژینگەییەکان بوون، وەک دوورکەوتنەوە لە شوێنە گشتییەکان و پارک و سەوزاییەکان، هەروەها دەبێت جار جارە کۆمیسیۆن بەدواداچوون بۆ سەرپێچییەکان بکات.
گوتیشی: ئێمە وەکوو دەستەی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان هەوڵدەدەین چاودێری دۆخەکە بین.
بەشێک لە کاندیدەکان پابەندن بە بریارەکانی کۆمیسیۆن و دەستەی ژینگەوە بۆ بانگەشەكردن، لەگەڵ ئەوەشدا لە داهاتوو هەوڵ بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن بە تایبەتی مەترسیەکانی گۆرانی کەشووهەوا.
د. ئەیوب گەڵاڵی، کاندیدی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق گوتی: بابەتەکانی ژینگە و کەشوهەوا و ئاو گرنگن، بۆیە ئێمە لە پەرلەمانی عێراق کار لەسەر بابەتی ژینگە دەکەین، بەتایبەتی ژینگەی هەرێمی کوردستان، چونکە یەکێکە لە ئامانجە بەردەوامەکانی گەشەپێدان.
تا ئێستا لەلایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراقەوە 10 حاڵەتی سەرپێچی بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمار کراوە، ئەویش دانانی پۆستەرە لە شوێنی هەڵە.