ھەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا كاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دەبێت
"ئەمساڵ كەمتر ھەست بە كاریگەرییەكانی دەكرێت"
K24 – سلێمانی
ھەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا كاریگەری راستەوخۆی دەبێت بەسەر بازاڕەكانی جیھان، كاریگەری تایبەتیشی دەبێت بۆسەر نرخی زێڕ.
رزگار جەلال، یەكێكە لە زێڕینگەرەكانی سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: "ھەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا كاریگەری دەبێت لەسەر نرخی زێڕ و بازاڕ بە گشتی لە جیھان، بازاڕی ھەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لەم كاریگەریانە، بەڵام ھەڵبژاردنی ئەمجارە بەھۆی كۆرۆنا و ئەو قەیرانە داراییە جیاوازە، چونكە دۆخێك دروستبووە كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر ھەموو جیھان، بۆیە وەك ھەڵبژاردنەكانی پێشتر كاریگەرییەكان زۆر نابێت".
جەختیكردەوە: "كۆرۆنا ھەموو رێساكانی بازاڕی تێكداوە، ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمەریكا رەنگە زیاتر كاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانە ھەبێت، كە لینكی زۆریان لەگەڵ ئەمەریكا ھەیە، ئێستا جگە لە كۆرۆنا كۆمەڵێك كێشە یەخەی عێراقی گرتووە، بۆیە لێرە كەمتر ھەست بە كاریگەرییەكانی ھەڵبژاردنی ئەمەریكا دەكرێت".
لە 3/11/2020 دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سهرۆكایهتی و ئهندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا ئهنجام دهدرێت. تا ئێستاش زیاتر له 53 ملیۆن هاووڵاتی ئهمەریكی له دهنگدانی پێشوهختهدا دهنگیانداوه. ھەڵبژاردنی ئەمەریكا كاریگەری راستەوخۆی سیاسیی و ئابووری دەكاتە سەر بازاڕەكانی جیھان.