خۆپیشاندان له‌ به‌غدا ده‌ستیپێكرده‌وه‌

یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كانی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2019ـدا تێپه‌ڕی

K24- هه‌ولێر:

بە بۆنەی تێپەڕبوونی یەك ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 لە گۆڕه‌پانی تەحریری شارى بەغدا، خۆپیشاندان دەستی پێکردەوە.

وێڕای ئەوەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان لە ژێر گەمارۆیەکی ئەمنی زۆر تونددا بوو، ھاوکات مسته‌فا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش پێشتر ھۆشداری دابووە خۆپیشاندەران، کە دەستی دەرەکی ھەیە و دەیانەوێت خۆپیشاندانەکان بە لاڕێدا ببه‌ن، بەڵام دواجار گرژی کەوتە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنیەکان و لە ئئه‌نجامدا چه‌ندین کەس برینداربوون.

محه‌مه‌د حه‌سه‌ن گەنجێکی تەمەن 25 ساڵە و لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو بۆمبێکی فرمیسكرێژی ھێزە ئەمنیەکانی بەر سەری كه‌وتبوو و به‌و هۆیه‌وه‌ ھەردوو چاوی لە دەستداوه‌، پاش دوو نەشتەرگەری پزیشك پێی گوتووە: چارەسەرت لە دەرەوەی ولاتە، بۆیە ئەو گەنجە ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی 25ی تشرین بە دەرفەت دەزانێت، بۆ ئه‌وه‌ی لەریگه‌ی میدیاکانەوە داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق بکات، بۆ چاره‌سه‌ری رەوانەی دەرەوەی وڵات بکات.

محه‌مه‌د حه‌سه‌ن تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: "لە رۆژی 26ی ئۆکتۆبەری ساڵی پار لێمدرا، ھەشتی بەیانی بوو، لە ھەشتی بەیانی بۆ ھەشتی شەو لە ژوری نەشتەرگەری بووم، دوو نەشتەرگەری سەرم بۆ کرا، چونکە بۆمبەکە دە سانتیم سەرمی کونکردبوو، ئێستا چاوێکم لە دەستداوە و چاوەکەی ترم لە ئەڵمانیا چارسەر دەکرێت، بۆیە داوا لە سەرۆك وەزیران دەکەم، رەوانەی دەرەوەی وڵاتم بکات، بۆ ئەوەی ئەو تاکە چاوەم بۆ بگەرێتەوە، ئێوە نەتانگوت بریندارەکان دەنێرینە دەرەوەی وڵات ئەی بۆ نامنرێن؟".

چالاكوانانی خۆپیشاندانه‌كان بە ھەمان داخوازی ساڵی پارەوە ھانی خەڵک دەدەن لە سەر شەقامەکان بمێننەوە، چونکە لایان وایە داواکاریەکانیان تەنھا بە گۆڕینی کابینەی حکومەتەکەی عادل عبدالمھدی بۆ موستەفا کازی کۆتایی پێ نەھاتووە، بەڵکو ئەوان دەیانەوێت سیستەمی حکومڕانی لە عێراق بگۆڕن و گەندەڵی بنبڕ بکەن.

لە تشرینی یەکەمی ساڵی پارەوە کە خۆپیشاندانەکان سه‌ریانهه‌ڵدا، بە پێی ئامارێکی دەزگای دۆکیۆمێنتکردنی تاوانە جەنگیەکانی عێراق،  تا ئێستا زیاتر لە 700 کەس لە ریزی ھێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەر کوژراون، ھاوکات زیاتر لە 27 ھەزار کەسیش بریندارن، جگە لەوەی 2800 خۆپیشاندەر و چالاکوان دەستگیرکران و بەشێکیشیان تا ئێستا بێسەروشوێنن، بۆ بەڕێوەچوونی ساڵیادی خۆپیشاندانەکانیش، سەرباری ئەوەی رێکاری ئەمنی زۆر توند گیرایەبەر، بەڵام دواجار دیسانەوە گرژی کەوتە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنیەکان، لە ئاکامیشدا دەیان کەسی دیکە برینداربوون.

H.B