لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس، چی ڕوو دەدات؟

سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و دەستبەسەرکراوە فەڵەستینییەکان لە 72 کاتژمێری یەکەمی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا دەبێت.

پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەم 2025، ماڵپەڕی سکای نیوز، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە بزووتنەوەی حەماس، بڵاوی کردەوە "قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییە زیندووەکان و زیاتر لە 2000 دەستبەسەرکراوی فەڵەستینی لەخۆدەگرێت."

سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگەدار لە دانوستانەکان، ڕاگەیاند  "ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە و دیلە فەڵەستینییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیل، لە یەکەم 72 کاتژمێری دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا دەبێت."

بەگوێرەی سەرچاوەکە، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە، ئازادکردنی بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل و  250 فەڵەستینی سزادراو بە زیندانی هەتاهەتایی و 1700 دەستگیرکراو و کشانەوەی بەرنامە بۆ داڕێژراوی سوپای ئیسرائیل، لەخۆدەگرێت."

بەرپرسێکی ئەمەریکی، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای گوت: "بارمتەکان دوای 72 کاتژمێر لە پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن. پێشبینی دەکرێت ئەمە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو جێبەجێ بکرێت."

بەرپرسێک لە ئیدارەی ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس، ڕایگەیاند "ڕێککەوتنەکە ڕۆژی پێنجشەممە بۆ پەسەندکردن دەخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی حکوومەتی ئیسرائیل و هەر کە بە بەڵێ دەنگیان دا، پێویستە ئیسرائیل بکشێتەوە بۆ ئەو هێڵەی لەسەری ڕێککەوتوون."

لەم چوارچێوەیەدا، گوتەبێژێکی حکوومەتی ئیسرائیل، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی گوت: ئیسرائیل پێشبینی دەکات ئازادکردنی بارمتەکان ڕۆژی شەممەی داهاتوو دەست پێ بکات.

نێوەندگیرانی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند "دەوڵەتی عیبری و بزووتنەوەی فەڵەستینی گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک لەسەر ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و  زیندانیانی فەڵەستینی و هاتنەناوەوەی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە."

سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە پلاتفۆرمی تروث سۆشیال، بڵاوی کردەوە "شانازی دەکەم کە ڕایدەگەیەنم ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتیان واژۆ کردووە؛ ئەمە مانای ئەوەیە کە هەموو بارمتەکان بەم زووانە ئازاد دەکرێن و ئیسرائیل هێزەکانی دەکشێنێتەوە بۆ  ئەو هێڵەی لەسەری ڕێککەوتوون، ئەمەش وەک هەنگاوی یەکەم بەرەو ئاشتییەکی بەهێز و هەمیشەیی و بەردەوام."

ئەم ڕێککەوتنە، ڕۆژێک دوای دووەم ساڵیادی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هات کە بووە هۆی هەڵگیرساندنی هەڵمەتە وێرانکەرەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

بەرپرسانی غەززە دەڵێن "لەم شەڕەدا 67 هەزار فەڵەستینی کوژراون و ناوچەیەکی بەرفراوانی کەرتی غەززە وێران بووە."

بە قسەی بەرپرسانی ئیسرائیل، نزیکەی یەک هەزار 200 ئیسرائیلی لە هێرشەکەدا کوژراون و 251 ئیسرائیلیش بەبارمتە گیراون.

لەو 48 بارمتەیەی کە هێشتا لە کەرتی غەززەدا دەستبەسەرن، وا بڕوا دەکرێت تەنها 20 کەسیان لە ژیاندا مابن.

 
 
Fly Erbil Advertisment