کونسوڵی گشتی ئێران: چاوەڕوانییەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان ڕاست دەرچوون

فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر
فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر

کونسوڵی گشتی ئێران لە هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە باڵاترین ئاستی خۆیدایە.

فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پیشکەشی دەکات گوتی: لە هەردوو دیوی ئەم سنوورە، دوو نەتەوە ناژین، بەڵکو یەک نەتەوەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان زیاتر پەرەبستێنێت.

کونسوڵی گشتی ئێران گوتی: خەڵکی هەردوو دیوی ئەم سنوورە پەیوەندی خزمایەتییان هەیە، لە بەباتە سیاسییەکانیشدا ئێستا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە باڵاترین ئاستی خۆیدایە.

دەڵێت: وەک دەزانن لە کاروباری سیاسییدا کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی تاران دەکەن و باڵاترین بەرپرسی سیاسی و بەڕێوەبەریی ئێران کە سەرۆک کۆمار مەسعود پزیشکیانە، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ خۆی دەری دەبڕێت کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە چ ئاستێکدایە.

هەروەها کونسوڵی گشتی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیلدا سێ چاوەڕوانی لە حکوومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەبوو کە هەرسێ چاوەڕوانییەکەی بە ئەرێنی جێبەجێ کران، گوتیشی: یەک لە چاوەڕوانییەکان ئەوەبوو، میدیاکانی هەرێمی کوردستان یەک لەوانیش کوردستان24، لە ڕووماڵی جەنگەکەدا بێلایەنی پاراست و تەنیا هەواڵی گواستەوە.

فەرامەرز ئەسەدی گوتی: چاوەڕوانیمان لە هەرێمی کوردستان وەک دراوسێ و برا و هاوپەیمانی ئێمە ئەوەبوو، لە 12 ڕۆژی جەنگدا نەبێتە سەرچاوەی هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەر بە ڕاستگۆییەوە باسی بکەین، ئەمە بە تەواوی لەبەرچاوگیرا و مافی دراوسێیەتیان بە تەواوی جێبەجێ کرد، گوتیشی: ئێمە دەمانەوێت سوپاسی کوردستان24 و میدیاکانی کوردستان بکەین کە ڕووماڵی جەنگەکەیان بێلایەنانە کرد و تەنیا هەواڵیان گواستەوە.

 

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment