خەلیل حەییە: گەرەنتیمان لە ئیدارەی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە وەرگرتووە

سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە ئاشکرای کرد، بزووتنەوەکە لە ژێر ڕۆشنایی پلانەکەی ترەمپ، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بەرپرسیارانە مامەڵەی کردووە.
پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، خەلیل حەییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، گەرەنتییان لە ئیدارەی ئەمەریکا وەرگرتووە بۆ مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.
هاوکات دەڵێت: گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، هەروەها بزووتنەوەی حەماس لە ژێر ڕۆشنایی پلانی ترەمپ بەرپرسیارانە مامەڵەی کردووە.
سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، باسی لەوەش کرد، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە، 250 زیندانی فەڵەستینی کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن، هەروەها هەزار و 700 زیندانی دیکەش ئازاد دەکرێن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێککەوتنەکە هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان و کردنەوەی دەروازەی ڕەفح و ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەخۆ دەگرێت.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە بارەی دۆخی غەززە قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی: توانیمان شەڕی غەززە کۆتایی پێ بهێنین، ئەمەش پرۆسەیەکی ئاڵۆز بوو کاتێکی زۆری ویست، ئێستاش لە هەوڵی ئازادکردنی بارمتەکان داین.
هاوکات پێی وایە ڕۆژی دووشەممە یان سێشەممەی داهاتوو تەواوی بارمتەکان لە کەرتی غەززە ئازاد بکرێن.
سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد، سەردانی میسر دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک بۆ مەبەستی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە.
پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ بۆ غەززە گەیشتنە ڕێککەوتن، کە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لەخۆ دەگرێت، ئەمەش ئەگەری ئەوە هەیە ڕێگە خۆش بکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دوو ساڵە.