ماکرۆن: فەڕەنسا ئامادەیە ببێتە بەشێک لەو هێزەی بڕیارە سەقامگیری غەززە بپارێزن

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند: چەند کاتژمێرێکی داهاتوو بۆ هێنانەکایەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکلاکەرەوە دەبن.
ئیمانوێل ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، فەڕەنسا ئامادەیە ببێتە بەشێک لەو هێزەی بڕیارە سەقامگیریی غەززە بپارێزن، گوتی: بەتوندی دژی دروستکردنی ئۆردوگای جونشین لە کەناری ڕۆژئاوا دەوەستینەوە، چونکە گورزی گەورە لە دەوڵەتی فەڵەستین دەدات، جەختیشی کردەوە، حەماس لە داهاتووی غەززە جێگەی نییە و دەبێت چەک دابنێت.
ماکرۆن گوتی: پێویستە حەماس و ئیسرائیل هەردوولایان پابەندی ڕێککەوتنی ئاشتی غەززە بن، دەشڵێت: پێویستە بەشێوەیەکی تەواو سەرنجمان لەسەر حکوومی فەڵەستین و دوورخستنەوەی حەماس بێت لە داهاتووی غەززەدا، گرنگە کار لەسەر دانانی چەک لەلایەن حەماسەوە بکەین بۆ ئەوەی ئاشتییەکی درێژخایەن بێتەکایەوە.
سەرۆکی فەرەنسا گوتی: پێویستە لەگەڵ میسر و ئوردن هێزێکی نێودەوڵەتی لە غەززە بڵاوەی پێبکرێت بۆ پاراستنی سەقامگریی غەززە، ئێمە ئامادەین ببینە بەشێک لەو هێزە، گوتیشی: چەند کاتژمێرێکی داهاتوو یەکلاکەرەوە و گرنگ دەبن لە هێنانەکایەی سەقامگریی غەززە.
ماکرۆن دەڵێت: با ئەوەشمان بیرنەچیێت دروستکردنی ئۆردوگای جونشین لە کەناری رۆژئاوا، دژی پلانی ئەمریکایە بۆ ئاشتی غەززە، هەروەها گورزی گەورە لە دەوڵەتی فەڵەستین دەوەشێنێت، چونکە کەناری رۆژئاوا حەماسی لێ نییە، ناکرێت ئەویش ببێتە گۆڕەپانێکی دیکەی شەڕ.