ئەمەریکا شەش کەسایەتی و دوو دامەزراوەی عێراقی سزا دا

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، شەش کەسایەتی و دوو دامەزراوەی عێراقی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئێران و بە قاچاخبردنی چەک سزا دا.
پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە بەرامبەر هاوکاریکردنی ئێران و بە قاچاخبردنی چەک، شەش کەسایەتی و دوو دامەزراوەی عێراقی خرانە لیستی سزاکانەوە، یەکێک لە دامەزراوەکان کۆمپانیای موهەندیسە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، ئێران پشت بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەبەستێت، ئەو گرووپە چەکدارانەش بەرپرسیارن لە کوشتنی چەندین سەربازی ئەمەریکی و هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گەنجینەی ئەمەریکا دووپاتی کردووە، ئەمەریکا لە سزادانی گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوام دەبێت و تۆڕ و سەرچاوەی داراییان لەنێو دەبات.