دەستەی وەبەرھێنان كێشەی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون چارەسەر دەكات

"خزمەتگوزاری ناوچە پیشەسازییەكان دەدرێتە كەرتی تایبەت"

K24 - ھەولێر

سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەماوەی دەستبەكاربوونیان، تائێستا لە كۆی 7 پڕۆژەی نیشتەجێبوونی كێشە لەسەر، كێشەی چوار پڕۆژەیان چارەسەركردووەو سێ پرۆژەی دیكەش لە قۆناغی چارەسەركردنن و دەدرێنە وەبەرھێنەری نوێ.

دكتۆر محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتای دەستبەكاربوونمان 7 پڕۆژەی نیشتەجێبوون كێشەیان ھەبوو، ئێستا كێشەی چوار پڕۆژەمان چارەسەر كردووە و 90%ـی كێشەی خەڵك چارە بووە. سێ پڕۆژە ماوە چارەسەركردنی كێشەكانی ئەوانیش لە قۆناغی كۆتاییدایە".

گوتیشی: "رێنمایی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئەوەیە، پڕۆژەكان بدرێنە وەبەرھێنەرانی دیكە، بەڵام بە قازانجی خەڵك بێت، كاتێك كە كێشەی خەڵك چارەسەر دەبێت بێگومان ئەوە قازانجی حكومەتە".

لەبارەی دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەی پیشەسازی تیمار لە ھەولێر دكتۆر محەمەد شوكری، گوتی: "ئێستا 52 كارگەمان لەو ناوچەیە ھەیە، بەڵام تائێستا خزمەتگوزاریان نییە، لەگەڵ ھەردوو وەزارەتی شارەوانی و پیشەسازی، ھەروەھا پارێزگاری ھەولێر دوای چەند كۆبوونەوەیەك بڕیاردرا خزمەتگوزارییەكانی ناوچەی پیشەسازی تیمار بدرێتە كەرتی تایبەت، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەدرێتە تەندەر".

ئاماژەی بەوەشدا: "سەرۆكی حكومەت رەزامەندی داوە كە خزمەتگوزاری ئەو ناوچانە لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە بكرێت، ئەمەش كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ناوچە پیشەسازییەكان لە ھەرێمی كوردستان".