باسم نەعیم: تاوەکوو دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی دانەمەزرێت چەک دانانێین

سەرکردەیەکی باڵای حەماس ڕایگەیاند، چەک دانانێن تا دڵنیانەبن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی، داواش لە سەرۆکی ئەمەریکا دەکات لە دەستتێوەردانە کەسییەکانی لە ئاگربەستی غەززە بەردەوام بیت، هاوکات گوتەبێژی بەرگری شارستانی غەززەش دەڵێت: ئەمڕۆ نزیکەی 200 هەزار کەس گەڕانەوە بۆ باکووری غەززە.
هەینی 10ی تشرینی یەکەمی 2025، باسم نەعیم، سەرکردەیەکی باڵای حەماس، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیووزی ئینگلیزی، جەختی لەوە کردەوە کە بزووتنەوەکەیان چەک دانانێت تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە کە ڕێگایەک بۆ دامەزراندنی "دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەر"ی فەڵەستینی هەیە کە توانای بەرگریکردن لە خۆی هەبێت.
گوتیشی: "چەک و چەکدارەکانمان تەنیا ڕادەستی دەوڵەتێکی فەڵەستینی دەکرێن و چەکدارەکانیشمان دەتوانرێت تێکەڵ بە سوپای نیشتمانی فەڵەستین بکرێن. پێش ئەوە، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە داوای ئەوەمان لێبکات کە واز لە مافی خۆمان بهێنین بۆ بەرگریکردن لە داگیرکاری بە هەموو شێوەیەک."
ئەو سەرکردە باڵایەی حەماس، سوپاسی هەوڵە کەسییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و گوتی: "بێ دەستتێوەردانی کەسیی ترەمپ لەم کەیسەدا، باوەڕم نەدەکرد بگەینە ئەم ڕێککەوتنە. بۆیە سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هەوڵە کەسییەکانی دەکەین، کە ئەم کۆمەڵکوژییەی ڕاگرت."
هیواشی خواست، سەرۆکی ئەمەریکا لە دەستتێوەردانە کەسییەکانی بەردەوام بێت و فشار لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بکات لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە.
هاوکات باسم نەعیم، ڕەخنەی توندی لە تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا گرت و گوتی: "بەداخەوە، ئێمەی فەڵەستینییەکان، عەرەب و موسڵمانان و زۆر کەسی دیکە لە جیهاندا، یادەوەرییەکی زۆر خراپیان لەگەڵ هەیە؛ ئێمە هێشتا ڕۆڵی ئەومان لە بیرە لە کوشتنی هەزاران، بگرە ملیۆنان هاووڵاتی بێتاوان لە ئەفغانستان و عێراق."
هەروەها مەحموود بەسسال، گوتەبێژی بەرگری شارستانی غەززە، کە هێزێکی فریاگوزارییە و لەژێر دەسەڵاتی حەماسدا کاردەکات، باسی لەوە کرد: "ئەمڕۆ نزیکەی 200 هەزار کەس گەڕانەوە بۆ باکووری غەززە."
ئەمەش لە کاتێکداییە، ڕۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، حەماس و وڵاتانی نێوەندگیر ئاگربەستی غەززەیان ڕاگەیاند و بەگوێرەی بەرپرسانی واشنتن، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە چووەتە واری جێبەجێ کرد و ئیسرائیلیش بۆ هێڵە زەردەی بۆی دەستنیشان کراوە وەک هەنگاوی یەکەم هێزەکانی کشاندووەتەوە، بڕیاریشە لەو 72 کاتژمێرە بارمتە و زیندانەکان ئازاد بکرێن و ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت.
هاوکات بەگوێرەی پلانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە، دەبێت حەماس چەکەکانی دابنێت و دەسەڵاتی ڕاگوزەری لە غەززە بە سەرپەرشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دابمەزرێت.