ماکرۆن دووبارە سێباستیان لێکۆرنوی وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کردەوە

سەرۆکی فەرەنسا، دووبارە سێباستیان لێکۆرنوی وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە چوار ڕۆژ بەر لە ئێستا دەست لە کار کێشانەوەی قبووڵ کردبوو.

ڕۆژی هەینی، 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆشکی ئێلیزێی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، " ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سێباستیان لێکۆرنوی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکەی دەستنیشان کردووە و ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتی پێ سپاردووە."

سێباستیان لێکۆرنو دوای دووبارە دەستنیشانکردنەوەی وەک سەرۆک وەزیران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئەو ئەرکەی قبووڵ کردووە کە لەلایەن ماکرۆنەوە پێی سپێردراوە، بۆ ئەوەش هەموو هەوڵێک بۆ دابینکردنی بودجە بۆ فەرەنسا تا کۆتایی ساڵ و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دەدەم.

جەختیشی کردەوە، پێویستە کۆتایی بەو قەیرانە سیاسییە بهێنرێت کە فەرەنسییەکانی بێزار کردووە، هەروەها ئەو ناجێگیرییەی بۆ فەرەنسا و بەرژەوەندییەکانی خراپە.

ڕۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، سێباستیان لێکۆرنو سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆک کردووە و ئەوەش قبووڵی کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆکی فەرەنسا بۆ یەکەم جار سێباستیان لێکۆرنوی، کە وەزیری بەرگریی فەرەنسا بوو، بە سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە دەستنیشان کرد، هەروەها پێش ئەو پەرلەمانی فەرەنسا متمانەی لە حکوومەتەکەی فرانسوا بایرۆ سەندەوە ئەمەش دوای تەنیا نۆ مانگ کە وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە دەستبەکارببوو.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment