ڕوونکردنەوەیەک لە بارەگای بارزانی

بارەگای بارزانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی هەواڵی چەند میدیایەک دەربارەی دروستکردنی پارکێک لەسەر ئەرکی سەرۆک بارزانی بۆ هاووڵاتیانی شاری هەڵەبجە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئەوەی سەرۆک بارزانی کردوویەتی وەک هەمیشە تەنیا ئەوە بووە کە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە، هیچکات قوربانیدانی هەڵەبجە فەرامۆش نەکەن.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی بارەگای بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ماوەی چەند ڕۆژە لە ژمارەیەک میدیا و ڕاگەیاندندا وا بڵاو کراوەتەوە، کە لەسەر ئەرکی جەنابی سەرۆک بارزانی پارکێک وەک دیاری دراوەتە هاووڵاتیانی شاری هەڵەبجە و ڕێکاری پێویست بۆ دروستکردنی پارکەکە گیراوەتەبەر.
لێرەدا بە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و هەڵەبجە ڕادەگەیێنین، کە ئەوە بەرپرسیارێتیی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە خزمەتی خەڵکی خۆشەویستی شاری هەڵەبجە و هەموو شوێنێکی کوردستان بکەن و ئەوەی سەرۆک بارزانی کردوویەتی وەک هەمیشە تەنیا ئەوە بووە کە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە، هیچکات قوربانیدانی هەڵەبجە فەرامۆش نەکەن و دەبێ هەموو لایەک بە باشترین شێوە خزمەتی هەموو کوردستان و بە تایبەتی هەڵەبجە بکەن.