بەرگریی شارستانیی غەززە: زیاتر لە 9 هەزار فەڵەستینی بێسەروشوێنن

بەرگریی شارستانیی غەززە ئاماژە بەوە دەکات، نۆ هەزار و 500 کەس لە کەرتی غەززە بێسەروشوێنن، دەشڵێت، بە هۆی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندەکانی تەندروستی، 370 کارمەندی تەندروستی لە شەڕی دوو ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کوژراون.
شەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، محەممەد بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە ڕایگەیاند، نۆ هەزار و 500 کەس لە کەرتی غەززە لە ئەنجامی شەڕی دوو ساڵەدا بێسەروشوێن بوونە، هەروەها ئیسرائیل 790 هێرشی کردووەتە سەر ناوەند و بنکەکانی تەندروستیی کەرتەکە و بە هۆیەوە 370 کارمەندی کەرتی تەندروستی بوونەتە قوربانی.
هاوکات بەرگریی شارستانیی غەززە لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە غەززە باسی لەوە کرد، لەو لاتەی ئاگربەستی غەززە چوویتە واری جێبەجێ کردن، زیاتر لە 500 هەزار کەس گەڕاونەتەوە ئەو کەرتە.
لە هەمان کاتدا تیمەکانی فریاگوزاری و ڕزگارکردن لە کەرتی غەززە، ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە ئەو ژمارەیەی بەرگریی شارستانیی غەززە لە بارەی بێسەروشوێنەکانەوە ڕایگەیاندووە، بە گوێرەی لیستی ئەو ناوانەی لای ئەوان هەیە هەمان ژمارەیە کە لە ماوەی 735 ڕۆژی جەنگەکەدا دیار نەماون.
ڕێکخراوی ئۆنروا کە تایبەتە بە کاروباری ئاوارەکان ڕایگەیاندووە، بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بە نزیکەیی سەرجەم دانیشتووانی شارەکە ئاوارە بوون، بەشێکیان زیاتر لە چەند جارێک گەڕاونەتەوە و دواتر بە هۆی بەردەوامی بۆردومانەکان شارەکەیان جێهێشتووەتەوە.
ڕێکخراوەکە هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، نزیکەی 80%ـی خانوو و باڵەخانەکانی کەرتەکە بە تەواوی ڕووخاون و ئەوانەی ماونەتەوەش زیانی زۆریان پێگەیشووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرچاوەیەک لە تەندروستی غەززە، ڕایگەیاندووە، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە 67 هەزار و 682 کەس، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن، هاوکات 170 هەزار و 33 کەسی دیکەش بریندار بوون.