حەماس: وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە ئەگەر شەڕ نەوەستێنێت

حوسام بەدران، سەرکردە لە مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ڕایدەگەیەنێت: بزووتنەوەی حەماس بەشداری واژۆکردنی ئەو ئاگربەستە ناکات کە بۆ غەززە دراوە و لە میسر دەکرێت، بەڵکو نێوەندگیرەکان و ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکەن.
حوسام بەدران بە ئاژانسی(فرانس پرێس)ـی ڕاگەیاندووە، قسەکردن لەسەر جێهێشتنی کەرتی غەززە لەلایەن سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بەپێی ئەو پێشنیازەی کە لە پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا هاتووە، "کارێکی بێهوودە و گاڵتەجاڕییە".
حوسام بەدران، سەرکردە لە مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، لە چاوپێکەوتنێکدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە گوتی: قسەکردن لەسەر دەرکردنی فەڵەستینییەکان، جا چ حەماس بێت یان جگە لە ئەوان لە خاکەکەیان، کارێکی بێهوودە و گاڵتەجاڕییە و هیچ فەڵەستینییەک ناتوانێت بەمە ڕازی بێت.
ئەو سەرکردەیەی حەماس هۆشداری دایە ئیسرائیل و گوتی: بزووتنەوەی حەماس وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی ئیسرائیل دەداتەوە ئەگەر جەنگ لە غەززە دەستپێبکاتەوە.
حوسام بەدران گوتیشی: ئەگەر ئەم شەڕە بسەپێنرێت، بێگومان حەماس ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبێتەوە و هەموو تواناکانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم دەستدرێژییە.
ئەو سەرکردەیەی حەماس دەشڵێت: قۆناغی دووەمی دانووستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل زۆر سەخت و ئاڵۆز دەبێت، ڕەنگە ئەمە وابکات دانووستانەکان کاتی زیاتریان بوێت، دووپاتی ئەوەشی کردەوە، چەکدانانی بزووتنەوەی حەماس کە لە پلانی دۆناڵد ترەمپدا بۆ ئاگربەستی غەززە هاتووە، پرسێکە لە دانووستانەکان گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت.