کارەبای سلێمانی: پێدانی کارەبا لە چەند گەڕەکێک بە شێوەیەکی کاتیی ڕادەگیرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی ئۆکتۆبەری 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری هاووڵاتیانی شاری سلێمانی دەکاتەوە کە تیمەکانی چاککردنەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی "پڕۆژەی ڕووناکی"، هەڵدەستن بە ئەنجامدانی کاری چاکسازی و پێویست لە تۆڕەکانی کارەبای وێستگەی ئەزمەڕ.

کارەکان لە ئەمڕۆ یەکشەممە، دەست پێدەکات و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت. کاتەکانی کارکردن لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تا ٥ی ئێوارە دەبێت. لەم ماوەیەدا، پێدانی کارەبا لە گەڕەکەکانی (کازیوە، ئیبراهیم ئەحمەد، ئازادی، شەهیدان، گۆیژەی نوێ، دارۆغە، هەواری شار، کەڵەکن و سارداو) بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت.

ئەم کارانە بە مەبەستی باشترکردن و بەهێزکردنی تۆڕەکانی کارەبا و کەمکردنەوەی کێشەکان ئەنجام دەدرێن، کە بەشێکن لە پلانی فراوانکردنی "پڕۆژەی ڕووناکی" بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.

وەزارەتی کارەبا داوای لێبوردن لە هاووڵاتیان دەکات و سوپاسی پشوودرێژی و هاوکارییان دەکات لە ماوەی ئەنجامدانی ئەم چاکسازییەدا. تیمەکان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی کارەبایەکی سەقامگیر و بەردەوام بۆ هەموو هاوبەشان.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment