پشتیوان سادق: سوپاس بۆ سەرۆکی حکوومەت بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە پرۆسەی پێکەوەژیان لە کوردستاندا

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کڵێسای 'ئوم ئەلنوور' ڕایگەیاند، کردنەوەی ئەم کڵێسایە بەرجەستەکردنی بەهاکانی پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، گوتی: ئەم كڵێسایە تەنیا باڵەخانەیەکی ئاینی نییە، بەڵکوو پەیامێکی خۆشەویستی و ئاشتییە و گەواهیدەری ڕاستەقینەیی پێکەوەژیانی ڕۆڵەکانی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە؛ لە هەمان کاتدا بەرجەستە کردنی ئەو سیاسەتەیە کە سەرجەم پێکهاتەکان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دەپارێزێت.

ئەم کڵیسایە، هێمای یەکگرتووییە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کوردستان ماڵی هەمووانە و ڕێز لەهەمووان دەگرێت. سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە هاوکار بوون لە جێبەجێ کردنی ئەم پرۆژە ناوازەیە کە وەک ئاماژەیەکی ڕووناکی بۆ مێژووی پێکەوەژیان دەمێنێتەوە.

پشتیوان سادق، سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە پرۆسەی پێکەوەژیان لە کوردستاندا.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، لە کوتایی وتارەکەیدا، گوتی: دەمەوێ سوپاسی مەتران داوود بکەم، بۆ هەڵوێستە جوانەکانی لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان. ئەو لە گشت کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکانی لە دەرەوەی وڵات، جەخت لە ڕاستیی ئاشتیی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment