هاکان فیدان: ئاسایشی تورکیا و سووریا بەیەکەوە بەستراون

وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوتا سووریاییەکان کۆبوونەوە، هاکان فیدان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوانیان ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بڵاویکردووەتەوە، پەیوەندییەکی فراوانیان لەگەڵ سووریا لە هەموو بوارەکاندا و لەسەر هەموو ئاستەکاندا پاراستووە لەو کاتەی گەلی سووریا ئازادیی خۆی وەرگرتەوە.
ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ سووریا ڕێککەوتوون بۆ زیاتر بەهێزکردنی هاوکارییەکان بۆ پاراستن و پێشخستنی دەستکەوتەکانی سووریا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دانوستانانەی ئەمڕۆ لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ چارەسەرکردنی هەموو لایەنەکان، هەروەها جەخت لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە،
هاکان فیدان، گوتی: ئاسایشی سوریا لە ئاسایشی تورکیا جیا ناکەنەوە و بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی هەموو پشتیوانییەکی پێویست بۆ سووریا.