لە بەسرە خۆپیشاندان دژی قەیرانی ئاو بەردەوامە

هاووڵاتییان بەهۆی زۆری ڕێژەی خوێی ئاوەوە تووڕەن و شەقامە سەرەکییەکانیان داخستووە.

بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەر یەک لە پارێزگای بەسرە خۆپیشاندان لە ناوچەکانی تەمیمیە، حەیانیە و ئەشار بەردەوامە و بەشێکی زۆری شەقامە سەرەکییەکان داخراون. ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە قەیرانی ئاو.

عەلا تەمیمی، یەکێک لە خۆپیشاندەران، ڕاگەیاند: "دیسان هاتینە دەرەوە، وەک ڕۆژانی ڕابردوو، بەهۆی زۆری ڕێژەی خوێی ئاو و شکستی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی. دۆخەکە بووەتە شتێکی بەرگە نەگیراو، هاوڵاتییان بەدەست کەمیی ئاوی گونجاو بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی ڕۆژانە گرفتارن."

لای خۆیانەوە هێزێکی ئەمنیی، بە بەکارهێنانی زرێپۆش، بڵاوەی بە خۆپیشاندەران کردووە.

خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند، "لە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبن، بەرامبەر بە قەیرانی ئاو، کە ماوەی چەند ڕۆژێکەگرفتی لە گەڕەکە نیشتەجێیەکانی ئەم ناوچەیە دروستکردووە."

دانیشتووانی ناوچەکە داوا لە حکوومەتی خۆجێی دەکەن بە پەلە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ باشترکردنی کوالێتی ئاوەکە و دڵنیابوون لەوەی بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە گونجاوە. هەروەها دووپاتیانکردەوە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment