ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان دەستیپێکرد

پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان کاتژمێر 8:00 ئەم بەیانییە دەستیپێکرد.

حکوومەتی ئیسرائیل گۆڕانکاریی بچووکی لەو لیستەدا ڕاگەیاند، ناوی ئەو زیندانییە فەڵەستینیانەی تێدایە، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاگربەست. 

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، گۆڕانکارییەکان لابردنی ناوی حەوت منداڵی کەم تەمەن، زیادکردنی دوو ژن و گۆڕینی چەند ناوێکی دیکەی لەخۆگرتووە بە هۆکاری "ئەمنیی". هەروەها حکوومەتی ئیسرائیل پێنج ناوی وەک یەدەگ پەسەند کردووە لە ئەگەری پێویستبوون بە هەموارکردنەوەی زیاتر.

سوپای ئیسرائیل بە فەرمی کەسوکاری دیلەکانی ئاگادار کردووەتەوە، پرۆسەی ئازادکردنەکە بە دوو قۆناغ دەبێت و داوای لێکردوون کاتژمێر 7:30  بەیانی لە بنکەی سەربازیی "ڕیعیم" ئامادەبن. 

سەرچاوەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی حەماس بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، بزووتنەوەکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا بۆ یەکلاییکردنەوەی لیستی کۆتایی زیندانییەکان، سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی ئیسرائیل بوونەتەوە لەسەر هەندێک ناو.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی کردەوە، فراکسیۆنەکان پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتنەکەوە نوێ کردووەتەوە و ئامادەکارییەکانیان بۆ ڕادەستکردنی دیلە زیندووەکانی ئیسرائیل تەواو کردووە، کە لە سێ میحوەری جیاوازەوە لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێت.

گەڕاندنەوەی تەرمەکان

سەبارەت بە تەرمی کوژراوەکان، دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، دوای ئازادکردنی دیلە زیندووەکان، ئیسرائیل لە بەرامبەر هەر تەرمێکی ئیسرائیلیدا، تەرمی 15 چەکداری حەماس ئازاد دەکات. تیمێکی هاوبەش لە ئیسرائیل، ئەمەریکا، میسر، تورکیا، قەتەر و خاچی سوور سەرپەرشتی ناسینەوەی تەرمەکان دەکەن.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گەڕانەوەی دیلەکانی بە "ڕووداوێکی مێژوویی" وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە، "شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە" و ئیسرائیل هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئەمنیی گەورە دەبێتەوە.

چوارچێوەی گشتیی ڕێککەوتنەکە

ئەم ئاڵوگۆڕە قۆناغی یەکەمی ئەو ڕێککەوتنەیە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە ڕاگەیەندرا و بە نێوەندگیریی تورکیا، میسر و قەتەر بەڕێوەچوو. ڕێککەوتنەکە بریتییە لە:

ئازادکردنی 250 زیندانی فەڵەستینی کە سزای هەتاهەتایییان هەیە.
ئازادکردنی نزیکەی هەزار و 700 فەڵەستینی کە لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیرکراون.
لە بەرامبەردا، ئازادکردنی 48 بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە، کە تەلئەڤیڤ مەزەندەی دەکات 20 کەسیان لە ژیاندا مابن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 11هەزار فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا ڕاگیراون و بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت بوونەتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لەسەر سەرجەم بەند و خاڵەکانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززە کرد، کە بریتین لە ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاندبوو "ناتانیاهۆ و ترەمپ، بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییان لە یەکتر کردووە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی فەڵەستین (وافا) ڕایگەیاندووە، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023وە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 67 هەزار و 252 کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، هاوکات 169 هەزار و 961 کەسی دیکەش بریندار بوون. هێشتا ژمارەیەکی زۆر قوربانی لەژێر داروپەردووەکانیش دا ماونەتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment