ناڕەزایەتیی دژی هەمواری باری کەسێتی بەردەوامە
هەمواری یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراق و پێدانی منداڵ بە باوک، وای لەو ئافرەتانە عێراق کردووە کە لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق بەجێبهێڵن ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
دوای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی جەعفەری لە پەرلەمانی عێراق، قەیرانێکی کۆمەڵایەتی سەریهەڵداوە بەتایبەت لەناو ئەو ئافرەتانەی لە هاوسەرەکانیان جیابوونەتەوە، قەیرانەکەش پەیوەستە بە لەخۆگرتنی منداڵ، چونکە هەمواری یاساکە منداڵ دەدات بە باوک، ئەمەش وای لە ئافرەتەکان کردووە پەنا بۆ زۆر جێگە ببەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لێدوور نەخرێتەوە، ئەسرا یەکێکە لەو ئافرەتانە و پەنای بۆ هەولێر هێناوە بۆ ئەوەی منداڵەکانی لێنەسێنن، دەشڵێت؛ دەچێتە هەموو شوێنێک لە پێناو پاراستنی پێنج منداڵەکەی.
ئەسرا هاووڵاتیەکی عێراقیە و بە کوردستان24ـی گوت: من دایکم و پێنج منداڵم هەیە، سەرپەرشتیان دەکەم، بووم بە دایک و باوکیش بۆیان، کەلوپەلی قوتابخانە و هەموو شتێکی ڕۆژانەیان بۆ دابین دەکەم، ڕەخنەم لە هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراقی هەیە، هیچ دایکێک ناتوانێت منداڵەکانی بەجێبهێڵێت، من چووم بۆ هەولێر لە پێناو پاراستنی منداڵەکانم هەروەها هەولێر بۆ من سەلامەتە و خەرجی لەسەرم زۆر نییە، هەرجێگەیەکیش بزانم منداڵەکانم پارێزراو دەبن، دەڕۆم بۆی.
چالاکوانانی بواری بەرگریی لە مافەکانی ئافرەتان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، هەڵهاتنی ئافرەتان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، جێگەی شەرمە بە تایبەتی بۆ حکوومەت، هەروەها هەمواری یاسای جەعفەری بۆ لە خۆگرتنی منداڵ بە تاوان دەزانن.
لینا عەلی چالاکوان دەلێت: بەڕاستی جێگەی شەرمە بۆ حکوومەت، ئێمە لەساڵی 2025 دا دەژین، هەموو جیهان ڕێز لە ئافرەت دەگرێت و بەهای بۆ دادەنێت، بەڵام بەداخەوە دۆخەکە لە عێراق پێچەوانەیە، ئافرەتان هەڵدێن، چونکە لێرە دایک رووبەڕووی سوکایەتی دەبێتە بەگوێرەی یاسا، تەنانەت فرمانی دەستگیرکردن بۆ دایک دەردەکرێت لەبەر ئەوەی منداڵەکەی لای خۆی هێشتووەتەوە، تاوانی ئەو دایکە چییە؟ تەنانەت یاساش ستەمیان لێدەکات.
سەرباری تێپەڕبوونی چەند مانگێک لە هەمواری یاسای باری کەسێتی جەعفەری، یاساکە تا ئێستا یەکێکە لەو یاسایانەی زۆرترین مشتومڕی لەسەرە نەک تەنها لەنێوان خەڵکدا، بەڵکو یاساکە ناکۆکی خستووەتە ناو دادگاکان لە شێوازی جێبەجێکردنی.