مەسرور بارزانی بۆ دەرچووانی زانکۆی دهۆک: هیوامان پێتانە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە دەرچووانی زانکۆی دهۆک دەڵێت: هیوامان پێتانە و چاوەڕێین ڕۆژ بە ڕۆژ كوردستان بەرەو هەنگاوی پێشتر و سەركەوتنی مەزنتر ببەن.

دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێک له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (ئێکس)ـدا، پیرۆزبایی لە دەرچووانی خولی (30)ـی زانکۆی دهۆك دەکات و دەڵێت: هیوامان پێتانە و چاوەڕێین ڕۆژ بە ڕۆژ كوردستان بەرەو هەنگاوی پێشتر و سەركەوتنی مەزنتر ببەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی خولی (30)ـی زانکۆی دهۆک بەڕێوە چوو.

لە گوتارێكدا كە لە ئاهەنگی دەرچوونی زانكۆكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابیيان، سوپاسی مامۆستایانی كرد كە سەرەڕای ئەو ئاڵنگاری و بەربەستانەی لە ڕووی ژیانەوە بۆیان دروست كراوە، بەڵام كۆڵیان نەدا و نەیانهێشت قوتابيیان لە خوێندن بێبەش بن، هەروەك سوپاسی دایكان و باوكانیشی كرد كە پاڵپشتیی قوتابییەكانیان كردووە تاوەكوو بتوانن لە خوێندن بەردەوام بن.

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەو جیاكارییە كرد كە حكوومەتی فیدراڵ لە عێراق بەرانبەر بە دامەزراندنی فەرمانبەران و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان دەیكات لە بابەتی دامەزراندن و ڕێگە نادات بەپێی پێویست فەرمانبەران و دەرچووانی زانكۆكانی كوردستان لە كەرتی گشتی دابمەزرێن. جەختیشی لە پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووان لە كەرتی تایبەت كردەوە.

ئاماری فەرمی دەرچووانی خولی سییەمی زانکۆی دهۆک بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025

بەپێی ئامارەکان، کۆی گشتی دەرچووان بریتی بووە لە 4،547 قوتابی. ئەم دەرچووانە لە 19 کۆلێژی جیاوازی زانکۆکە و لە 97 بەشی زانستی بوون، کە 73 بەشیان خوێندنی بەیانیان و 24 بەشیان خوێندنی ئێواران بووە.

ڕێژەی بەرزی دەرچووانی کچان

یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی ئەم خولەی دەرچوون، ڕێژەی بەرزی دەرچووانی کچان بوو. لە کۆی گشتی دەرچووان:

کچان: 2،829 دەرچوو، کە دەکاتە ڕێژەی (62.2%).
کوڕان: 1،718 دەرچوو، کە دەکاتە ڕێژەی (37.8%).
ئەمەش بەو مانایەیە کە ژمارەی دەرچووانی کچان بە 1،111 کەس زیاتر بووە لە کوڕان، و ڕێژەیان بە 24.4 خاڵ بەرزترە. ئەم ئامارە نیشاندەری گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی ئەرێنی و ڕۆڵی بەهێزی ئافرەتانە لە بواری خوێندنی باڵا لە ناوچەکەدا.

کۆلێژەکان بەپێی ژمارەی دەرچووان

کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت (دهۆک): 1،052 دەرچوو (23.1%).

کۆلێژی پەروەردە (ئاکرێ): 634 دەرچوو (13.9%).

کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان: 502 دەرچوو (11.0%).

کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری: 416 دەرچوو (9.1%).

کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان: 340 دەرچوو (7.5%).

کۆلێژی زانست: 284 دەرچوو (6.2%).

کۆلێژی زمانان: 234 دەرچوو (5.1%).

کۆلێژی ئەندازیاری: 176 دەرچوو (3.9%).

کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت (ئامێدی): 166 دەرچوو (3.7%).

کۆلێژی زانستە سیاسییەکان: 112 دەرچوو (2.5%).

کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان: 98 دەرچوو (2.2%).

کۆلێژی پزیشکی: 94 دەرچوو (2.1%).

کۆلێژی پزیشکیی ددان: 87 دەرچوو (1.9%).

کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان: 79 دەرچوو (1.7%).

کۆلێژی دەرمانسازی: 77 دەرچوو (1.7%).

کۆلێژی یاسا: 64 دەرچوو (1.4%).

کۆلێژی پەرستاری: 61 دەرچوو (1.3%).

کۆلێژی پزیشکیی ڤێتێرنەری: 49 دەرچوو (1.1%).

کۆلێژی پلانسازیی شار و هەرێمەکان: 22 دەرچوو (0.5%).

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment