لە سلێمانی بانگەشەی هەڵبژاردن زیان بە سیمای شار و ئاستەنگ بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات
بەشى زیادە ڕۆیی شارەوانى سلێمانى سەرجەم ئەو ستاندو و فلێکسانەى کە کاندیدانى هەڵبژاردن پێچەوانەى ڕێنماییەکانى کۆمیسیۆن هەڵیانواسیبوو لادەبات، لێپرسراوى بەشى زیادە ڕۆیی شارەوانیش ڕایدەگەیەنێت پێشتر 48 کاتژمێرمان وەکو مۆڵەت بۆ کاندیدەکان دیارى کردبوو بۆ لابردنى فلێکسەکانیان بەڵام پابەند نەبوون و خۆمان لامان بردن.
شارەوانی سلێمانی زیاتر لە 200 فلێکسی نایاسایی لادەبات و پسپۆڕێکیش ڕەخنە لە کەمتەرخەمیی کۆمیسیۆن دەگرێت.
لەگەڵ گەرمبوونی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، سیمای گشتیی شاری سلێمانی بە پۆستەر و فلێکسی کاندیدەکان داپۆشراوە، بەڵام ئەم دیمەنە لە جوانییەکەی زیاتر، بووەتە هۆی دروستکردنی کێشە بۆ هاووڵاتییان و ژینگەی شارەکە. زۆرێک لەم بانگەشانە لە شوێنی نایاسایی هەڵواسراون، کە نەک هەر ئاستەنگیان بۆ هاتوچۆی پیادە دروست کردووە، بەڵکو زیانی گەورەیان بە بلوار و باخچە و سیستمی ئاودێریی شار گەیاندووە.
وەک وەڵامێک بۆ ئەم سەرپێچییانە، شارەوانیی سلێمانی دەستی بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە و تا ئێستا زیاتر لە 200 فلێکسی لە شوێنە نایاساییەکان لابردووە.
عوسمان عارف، لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانیی سلێمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "کۆمەڵێک ستاندی ئاسن و فلێکس لەسەر جەزیرە و ناو بلوارەکانی شەقامی تاسڵوجە و بازنەیی مەلیک مەحموود دانرابوون، کە زیانیان بە سیستمی ئاودێریی سەوزاییەکان گەیاندبوو. ئێمە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی شارەوانی، وەک تیمێکی هاوبەش لەگەڵ شارەوانییەکانی تاسڵوجە، ڕاپەڕین و بەکرەجۆ، هەستاین بە لابردنیان."
گوتیشی: "زیاتر لە 48کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی چاوەڕێمان کرد کاندید و قەوارە سیاسییەکان خۆیان لایانببەن، بەڵام کاتێک پابەند نەبوون، ئێمە وەک ڕێکارێکی یاسایی هەستاین بە لابردنیان."
بەگوێرەی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023ـی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، هەڵواسینی پۆستەر لە شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، فەرمانگە حکوومییەکان، قوتابخانەکان، بە درەختەکانەوە، یان هەر شوێنێک کە ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست بکات، قەدەغەیە.
یاد کاروان، شارەزای بواری هەڵبژاردن، ئاماژە بەوە دەکات کە یاساکە سزای بۆ سەرپێچیکاران دیاری کردووە و دەڵێت: "بەپێی مادەکانی 35، 36و 37، سزا داراییەکان لە یەک ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات تا 50 ملیۆن دینار. بەڵام بەداخەوە، کۆمیسیۆن زۆربەی جار کەمترین سزا هەژمار دەکات و پرۆسەکەش خاوە، کە بریتییە لە ئاگادارکردنەوە، پاشان ڕێنمایی و لە کۆتاییدا سزا."
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە پارێزگای سلێمانی 136کاندید کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 18 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن. زۆرێک لەم کاندیدانە دروشمی "خزمەتکردنی هاووڵاتییان" بەرز دەکەنەوە، کەچی لە کرداردا بە شێوازی بانگەشەکانیان گرفت و نائارامی بۆ هەمان ئەو هاووڵاتییانە دروست دەکەن.
لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت دەکەنەوە کە بێ جیاوازی، هەر کەس و لایەنێک سەرپێچی بکات و ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە سیمای شار، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.