داوود سلێمان: سوپاسی پاڵپشتی مەسرور بارزانی بۆ زانکۆی دهۆک دەکەین

بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕێوڕەسمی خولی 30ـیه‌مینی دەرچووانی زانکۆی دهۆک بەڕێوە چوو كه‌ چوار هەزار و 547 قوتابی بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن.

داوود سلێمان، سەرۆکی زانکۆی دهۆک، لە رێوڕەسمی دەرچووانی 30ـیه‌مینی خولی دەرچووانی زانکۆی دهۆک، ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، گوتی: ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرخەری پاڵپشتی ئێوەیە بۆ زانکۆکەمان و گەنج و لاوانی سنوورەکەمان. ئەمڕۆ چوار هەزار و 547 قوتابی بڕوانامەی دەرچوون وەردەگرن، دەرچوونی قوتابییەکانمان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانکاری خێرای ئابووری و تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد. زانکۆی دهۆک بووەتە هیوای هەزاران قوتابی و نەوەی داهاتوو، لە چوار ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک کار و پرۆژەی گرنگ لە زانکۆکەمان کراون، لە بواری پرۆگرامسازی و دروستکردنی ژمارەیەک باڵەخانە و هێنانەکایەی چەند بەشێکی نوێ و دروستکردنی باڵەخانەی نوێی سەرۆکایەتیی زانکۆی دهۆک لە دیارترین ئەو خزمەتانە بوون، کە سەرۆکی حکوومەت پێشکەشی کردووین.

هەروەها گوتیشی: کردنەوەی کلینیکی تایبەت بە چارەسەركردنی تووشبوو و ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر و بەشداریکردنی قوتابییان و مامۆستایانی ئێمە لە چەندین کۆنفرانسی نێدەوڵەتیی لە دەرەوەی وڵات، یەکێک لە پرۆژەکانی ئێمە لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت، سەرپەرشتیی ئامادەکردنی ڕێبەرێک دەکات بەناوی ڕاستنووسی زمانی کوردی زاری کرمانجی، ئەمەش بۆ ستانداربوونی زمانی کوردی.

هەروەها داوای لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کێشەی کەمیی باڵەخانە لەنێو زانکۆی دهۆک چارەسەر بکات، هەروەها هاوکارییان بکات بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی زیاتری قوتابییان لە هەردوو بەشی پزیشکی و پەرستاری.

زانکۆی دهۆک لە ساڵی 1992 دامەزراوە و 19 کۆلێژ و 99 بەش و پەیمانگە لەخۆ دەگرێت، کە لە بەشەكانی زانستی، پزیشکی، مرۆیی و تەکنۆلۆژی پێکهاتوون.

میلاکی زانکۆی دهۆک 2500 مامۆستای بە پلەی جیاوازی زانستی هەیە و کۆی گشتیی قوتابییانی کۆلێژ و بەش و پەیمانگەکانی زانکۆکەش 24 هەزار قوتابییە، کە پێنج هەزاریان لە بەشە ناوخۆییەکاندان.

هەروەها زانکۆی دهۆک چەند بەشێکی دیکەش لەخۆ دەگرێت، لەوانە کەمپی زانکۆ، کتێبخانەیەکی هەیە کە زیاتر لە 250 هەزار ناونیشانی جیاوازی لە بوارەکاندا لەخۆ گرتووە. هاوکات زانکۆکە پەیوەندیی لەگەڵ 50 زانکۆ و ڕێکخراوی جیهانی هەیە.

ئاماری فەرمی دەرچووانی خولی سییەمی زانکۆی دهۆک بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025

بەپێی ئامارەکان، کۆی گشتی دەرچووان بریتی بووە لە 4،547 قوتابی. ئەم دەرچووانە لە 19 کۆلێژی جیاوازی زانکۆکە و لە 97 بەشی زانستی بوون، کە 73 بەشیان خوێندنی بەیانیان و 24 بەشیان خوێندنی ئێواران بووە.

ڕێژەی بەرزی دەرچووانی کچان

یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی ئەم خولەی دەرچوون، ڕێژەی بەرزی دەرچووانی کچان بوو. لە کۆی گشتی دەرچووان:

کچان: 2،829 دەرچوو، کە دەکاتە ڕێژەی (62.2%).
کوڕان: 1،718 دەرچوو، کە دەکاتە ڕێژەی (37.8%).
ئەمەش بەو مانایەیە کە ژمارەی دەرچووانی کچان بە 1،111 کەس زیاتر بووە لە کوڕان، و ڕێژەیان بە 24.4 خاڵ بەرزترە. ئەم ئامارە نیشاندەری گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی ئەرێنی و ڕۆڵی بەهێزی ئافرەتانە لە بواری خوێندنی باڵا لە ناوچەکەدا.

کۆلێژەکان بەپێی ژمارەی دەرچووان

کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت (دهۆک): 1،052 دەرچوو (23.1%).

کۆلێژی پەروەردە (ئاکرێ): 634 دەرچوو (13.9%).

کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان: 502 دەرچوو (11.0%).

کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری: 416 دەرچوو (9.1%).

کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان: 340 دەرچوو (7.5%).

کۆلێژی زانست: 284 دەرچوو (6.2%).

کۆلێژی زمانان: 234 دەرچوو (5.1%).

کۆلێژی ئەندازیاری: 176 دەرچوو (3.9%).

کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت (ئامێدی): 166 دەرچوو (3.7%).

کۆلێژی زانستە سیاسییەکان: 112 دەرچوو (2.5%).

کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان: 98 دەرچوو (2.2%).

کۆلێژی پزیشکی: 94 دەرچوو (2.1%).

کۆلێژی پزیشکیی ددان: 87 دەرچوو (1.9%).

کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان: 79 دەرچوو (1.7%).

کۆلێژی دەرمانسازی: 77 دەرچوو (1.7%).

کۆلێژی یاسا: 64 دەرچوو (1.4%).

کۆلێژی پەرستاری: 61 دەرچوو (1.3%).

کۆلێژی پزیشکیی ڤێتێرنەری: 49 دەرچوو (1.1%).

کۆلێژی پلانسازیی شار و هەرێمەکان: 22 دەرچوو (0.5%).

 
 
 
Fly Erbil Advertisment