جۆرە جیاوازەکانی چاپی دۆلار کێشەی بۆ بازاڕەکان دروست کردووە

لە بازاڕەکانی شاری هەولێر و نووسینگەکانی خانووبەرە، جۆری چاپی دۆلاری ئەمەریکی (ناسراو بە سپی و شین) و جۆری دراوەکە (پەنجا دۆلاری و بیست دۆلاری) بووەتە پێوەر بۆ دیاریکردنی نرخەکەی، ئەمەش کێشەی بۆ هاووڵاتییان و کاسبکاران دروستکردووە و هەندێکجار دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی مامەڵە بازرگانییەکان.

بەپێی بەدواداچوونەکان، لە کاتی ئاڵوگۆڕ و مامەڵەکردن، جیاوازی دەخرێتە نێوان دۆلاری چاپی نوێ (شین) و دۆلاری چاپی کۆن (سپی). لە بازاڕدا دۆلاری سپی بە نرخێکی کەمتر لە دۆلاری شین مامەڵەی پێوە دەکرێت، بە جۆرێک، لە هەر 100 دۆلارێکدا، دۆلاری سپی نزیکەی 600 بۆ 1000 دینار کەمتر دەکات، هەروەها لە هەر "دەفتەرێک" دۆلاردا (10,000$)، نزیکەی 80 بۆ 100 دۆلار لە بەهای دۆلارە سپییەکە دەشکێندرێت.

تەنیا چاپی دۆلارەکە کێشە نییە، بەڵکوو جۆری دراوەکەش کاریگەری لەسەر نرخەکەی هەیە، وەک پەنجا دۆلاری، کە نزیکەی 2000 دینار لە بەهاکەی کەم دەکرێتەوە بەراورد بە 100 دۆلاری، هەروەها بیست دۆلاری و دراوە وردەکانی دیکە 3000 بۆ 4000 دینار جیاوازی نرخیان هەیە.

هاووڵاتییان و کڕیاران لەم دۆخە نیگەرانن و ئاماژە بەوە دەکەن کە تووشی زیان بوون. هاووڵاتییەک بە کوردستان دەڵێت: دۆلار هەر دۆلارە و هەردووکیان ئەمەریکین، ناکرێت فەرق و جیاوازی هەبێت. داوا لە حکوومەت دەکەن سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت کە بەهۆیەوە لە کاتی وەرگرتنی پارەی زەوی یان مامەڵەکاندا پارەیەکی زۆریان لێ دەبڕدرێت.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق لقی هەرێمی کوردستان جەخت دەکەنەوە کە ئەوان کار لەسەر جێگیریی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار دەکەن و لەلای ئەوان هیچ جیاوازییەک لەنێوان چاپ و جۆرەکانی دۆلاردا نییە.

بانکەکە ڕێنمایی دەرکردووە کە نابێت ئەو جیاکارییە بکرێت، بەڵام وەک دەردەکەوێت بازاڕ و نووسینگەکان پابەندی ئەو ڕێنماییانە نین و بە سیاسەتێکی تایبەت بەخۆیان مامەڵە دەکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل