بارانبارین بازاڕی مەڕ و ماڵات گەرم دەکات
ئەندامێکی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، بارانبارین دەبێتە هۆی گرانبوونی مەڕ و ماڵات و جووڵە دەکەوێتە بازاڕەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2025، محیەدین بایز خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بارانبارین سوودی یەکەم و سەرەکی بۆ مەڕدار و ئاژەڵدارەکانە، چونکە لەوەڕێکی باش بۆ زەوی دروست دەکات و ئاژەڵەکانیش سوودمەندی سەرەکی دەبن.
محیەدین خەیلانی ڕایگەیاند: ئەگەر تاوەکوو دوو ڕۆژی دیکە بارانبارین بەردەوام بێت، بازاڕی مەڕ و ماڵات جمەی دێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی ئاژەڵ، بەڵام ئەوانەی دابەستی ناگرێتەوە، چونکە ئاژەڵی دابەستی نرخیان بە شێوەیەکی گشتیی نەگۆڕە و پەیوەندیی بە بازاڕەوە هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، جووتی مەڕی عەرەبی لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر سەرووی ملیۆنێکە، بەڵام بە دڵنییایەوە تاوەکوو ملیۆنێک و 200 هەزاریش دەڕوات.
دەربارەی نرخی ئاژەڵەکان محیەدین بایز باسی لەوە کرد، نرخی جووتی مەڕ لە سەرووی ملیۆنێکە، هەروەها بزن کیلۆی بە 5 هەزار دینارە و، کاوڕ کیلۆی بە حەفت هەزار و 500 دینارە و، گوێرەکە کیلۆی بە شەش هەزارە.
لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر چەندین جۆری مەڕی لێیە، بەڵام زۆرینەیان مەڕی عەرەبین، چونکە وەک ئاژەڵداران باسی دەکەن بەخێوکردنی ئاسانترە.
لە چەندین وڵاتەوە ئاژەڵ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بە تایبەتی لە؛ سووریا، ئێران، تورکیا، لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپا.
